عێڕاق

بڕیارێکی نوێ لە تەیف سامیەوە


وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، لە رێگەی فراوانکردنی بنەماکانی باج و بەئەلکترۆنیکردنی مامەڵەکان و بەرزکردنەوەی کارامەیی گومرگیی، کار دەکەن بۆ باشترکردنی پلانەکانی تایبەت بە جێبەجێکردنی بودجەی گشتی، کەمکردنەوەی خەرجییە گشتییەکان و زیادکردنی داهاتی نانەوتی.

ڕۆژی یەکشەممە 21ی نیسانی 2024، لە کۆبوونەوەی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و گروپی بانکی نێودەوڵەتی، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لەگەڵ عەبدولعەزیز مەولا بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بانکی نێودەوڵەتی بۆ کاروباری عێراق کۆبووەوە و گفتوگۆ لەبارەی پاڵپشتییەکانی بانکی نێودەوڵەتی بۆ عێراق کرا.

وەزیری دارایی ئاماژەی بەوەش کرد، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بەڕێوەبەری بەشی کاروباری دارایی و تەکنیکی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی گفتوگۆیان لەبارەی رێوشوێنەکانی چاکسازیکردن لە دۆسیەی باج و گومرگی عێراق کردووە، هەوڵەکانیشیان بۆ کارکردن لەسەر سیستەمێکی دارایی پتەو بەردەوام دەبێت.

لای خۆشییەوە، عوسمان دەوانی جێگری سەرۆکی نوێی بانکی نێودەوڵەتی ئامادەیی خۆی بۆ پاڵپشتیکردنی پڕۆژەکانی عێراق لە بوارەکانی دارایی و ئابووری دووپاتکردەوە، بەتایبەت دابینکردنی پێداویستییەکان بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی هێڵی ئاسنین کە بە یەکێک لە گرنگترین پڕۆژەکانی گواستنەوەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی دادەنرێت.
2024-04-22
زیاتر...