عێڕاق

وه‌زاره‌تى ناوخۆ زانیارییه‌كى مه‌ترسیدار ئاشكراده‌كات

نها نیوز ـ هه‌واڵه‌كان

به‌ پێى ئه‌و زانیاریانه‌ى وه‌زاره‌تى ناوخۆى عێراق ئاشكرایكردووه‌، له‌ سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵه‌وه‌ تا ئێستا، زیاتر لە هەزار و 800 کەس دەستگیركراون، ده‌شڵێت:"تۆمەتبارن بە تاوانی ڕێکخراوو بازرگانیی بە مرۆڤ و سواڵکردن هەڕەشەکردن".

 عەمید میقداد میری وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە دیاردەی بازرگانیی بە مرۆڤەوە ڕایگەیاند، حکوومەتی عێراق لیژنەیەکی بە سەرۆکایەتیی وەزیری ناوخۆ، عەبدولئەمیر شەمەری پێک هێناوە لەگەڵ لایەنی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە.

 ئاماژەی بەوەش کرد، "هەموو لایەنەکان لە شێوەی لیژنەیەکدا بە سەرۆکایەتیی وەزارەتی ناوخۆ کاردەکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم تاوانە مۆدێرنە جیهانییە سنووربەزێنە کە مەترسییەکی نێودەوڵەتییە".

 ئەم ڕاگەیاندنەی حکوومەت، چەند ڕۆژێک دوای ئەوە هات کە لایەنە ئەمنییەکان هەڵمەتێکیان لە گەڕەکی ئەلبەتاوین لە ناوەڕاستی بەغدا دەست پێ کرد و لە ئەنجامدا سەدان کەسی داواکراو دەستگیر کران، کە تۆمەتبارن بە دزی و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و بازرگانیی بە ماددە قەدەغەکراوەکاندا.

میری وتیشی: "وەزارەتەکەی هەڵمەتێکی میدیایی فراوانی دەستپێکردووە بۆ کەمکردنەوەی سواڵکردن و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە، هەروەها وەزارەتی ناوخۆ لیژنەیەکی تایبەتی بۆ کەمکردنەوەی دیاردەی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە پێکهێناوە".

هەندێک لە ناوەندەکانی مافی مرۆڤ باس لە بوونی لانیکەم 500 هەزار سواڵکەر لە عێراق دەکەن، کە ژمارەیەکی بەرچاویان خاوەنی ڕەگەزنامەی سووری و ئێرانی و بەنگلادیشین.

 دەشڵێت: "عێراق هاوکاری ئینتەرپۆل دەکات بۆ کەمکردنەوەی بازرگانیی بە مرۆڤەوە، بەو پێیەی ژمارەی ئەو کەسانەی کە بەم تاوانە سزا دراون گەیشتووەتە 204 کەس، هەروەها ژمارەی ئەو سواڵکەرانەی کە دەستگیرکراون گەیشتووەتە 316 سواڵکەر".

 ئەو سواڵکەرانەی لە بازاڕ و گۆڕەپانەکاندا دەبینرێن، زۆرجار پەیوەستن بە باند و تۆڕەکانی سواڵکردنەوە کە بە پێدانی بەرتیل بە هەندێک ئەفسەر و کارمەند، کە شوێنی نیشتەجێبوون و پاراستنیان بۆ دابین دەکەن.

میری باسی لەوەش کرد، "لە ماوەی پێنج مانگی ڕابردوودا زیاتر لە هەزار و 800 تۆمەتبار بەتاوانی ڕێکخراو و سواڵکردن و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە دەستگیر کراون و دەڵاڵی و لەشفرۆشیش بەشێکن لە پرۆسەی بازرگانیی بە مرۆڤەوە".

 وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق جەختیکردەوە،  "هێزە ئەمنییەکان، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکی گەورەدا، باندێکیان لە یەکێک لە هۆتێلەکانی بەتاوین دەستگیر کرد، کە بازرگانییان بە منداڵانەوە دەکرد و  سواڵیان پێ دەکردن، هەروەها کەسێک لە پارێزگای ئەنبار دەستگیر کرا کە ویستبووی کوڕەکەی بە 20 ملیۆن دینار بفرۆشێت، ئێمەش توانیمان تۆڕەکانی بازرگانیی بە مرۆڤەوە دەستگیر بکەین کە پەیوەندی نێودەوڵەتییان هەبووە".

 لە چلەکان و پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا، لە گەڕەکی بەتاویین زۆرینەی مەسیحی و جولەکەکانی تێدا نیشتەجێ بوو، ئێستاش بووەتە گەڕەکێک کە خواردنەوە کحولیەکان، ماددە هۆشبەرەکان بازرگانی سێکسی تێدا دەکرێت.

2024-05-07
زیاتر...