وتار

ئەوان لەکوێ و ئێمە لەکوێ؟

د. میران محەمەد

لەم سەردەمەدا کە تەکنەلۆجیا و زیرەکی دەستکرد بەخێرایی جیهان دەگۆڕێت، کۆمەڵێک پیشەی کۆن لەناودەچن یان گۆڕانکارییان بەسەردادێت، چەندین پسپۆڕی و شارەزایی نوێ دێنەئاراوە و دەبن بە پێویستی سەردەمەکە.

لەلایەکی ترەوە، جیهان لە ململانێی سەربازییەکانەوە بەرەو ململانێی تەکنەلۆجی و ئابوری هەنگاودەنێت، ئێستا کێبڕکێی بازرگانی و بەهێزکردنی ئابوری گەورەترین خەمی میللەتانە. بەڵام ئێمە لەهەرێمی کوردستان دەستمان لەسەر دڵمانە کە مووچە دوانەکەوێت و هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت,  ئەنجامەکانیش تەعبیر لە ئیرادەی راستەقینەی خەڵک بکەن
ساڵانە ژمارەی دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان لەزیادبووندایە بەڵام بەهۆی کەمی دەرفەتی کار هەڵئاوسان دروستدەکات، بەهەموو پێشبینییەک ئەگەر ئەم بابەتە چارەسەر نەکرێت و دەرفەتی کار و ژیان رێکنەخرێتەوە، ئەوا لە ئاییندەدا قەیرانێکی قوڵتر دروستدەبێت.

لە سادەترین گوزارشتدا، مەترسی راستەقینە لەوەدایە داهاتی خێزان کەمتربێت لە خەرجی مانگانەی دابینکردنی پێویستییە سەرەتاییەکانی ژیان، ئەوکات دەبێتە هۆی داڕمانی خێزان و چەندین کارەسات و کێشەی لێدەکەوێتەوە.

هەموو ئەمانە تەحەدیی و مەترسی جدین، کە بۆ چارەسەریان پێویستە یەکەمجار دژی دواکەوتوویی و پاشانیش دژی هەموو دەستەگەرییەک بووەستینەوە. هیچمان پێ چارەسەر نابێت ئەگەر بە چەکی زانست و رۆشنبیریی لە ئامادەباشیدا نەبین بۆ بەگژداچوونەوەی هەر دەستێکی نابەرپرسی دەرەکی و ناوخۆیی کە بیەوێت خەڵک بەدواکەوتوویی و برسییەتی بمێنێتەوە.

لەگەڵ هەموو ئەم مەترسیانەدا خاڵی گەش ئەوەیە، کە هێشتا وڵاتەکەمان سەرچاوە و هۆکاری هەمەچەشنی بوژانەوە و پێشکەوتنی تێدایە بەمەرجێک بە پلانی زانستیەوە هەنگاوبنرێت ئەوکات بەئاسانی دەتوانرێت ژیانی خەڵک چاکبکرێت و ئایندەی گەش بۆ وڵات مسۆگەربکرێت.


ژمارەی خوێنەر   ‌ 187‌
5/14/2024 3:56:53 PM
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.