ئابوری

(TBI) بەفەرمی چووە نێو پڕۆژەی (هەژماری من)

نها نیوز - هەواڵەکان

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی فەرمی بانکی (TBI)، بانکەکە بەفەرمی چووە نێو پڕۆسەی بەبانکیکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانەوە، هاوکات حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمیش لە راگەیندراوێکدا دەڵێت "بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) بەشداری لە (هەژماری من ) دەکات".

لە راگەیەندراوێکدا بانکی (TBI) ئاشکرایکرد "(TBI) بەفەرمی چووە نێو پڕۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانەوە".

لای خۆشیەوە حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان لەمیانی راگەیەندراوێکیدا لە پێگەی فەرمی خۆی نوسییویەتی "بەخۆشحاڵیەوە ڕایدەگەیەنین کە بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) بەشداری لە پڕۆژەی هەژماری من بۆ بە دیجیتاڵکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکات".

نوسیوویشیەتی "بەپێی ڕێنماییەکانی سەرۆک وەزیران بەڕێز مەسرور بارزانی، نوێنەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و تیمی (هەژماری من) لەم هەفتەیەدا، چەندین کۆبوونەوەیان لەگەڵ نوێنەرانی بانکی عێراقی بۆ بازرگانی ئەنجامدا".

لە کۆبوونەوەکاندا، گفتوگۆ لەبارەی میکانیزم و پێداویستییەکانی کردنەوەی هەژمارەکان و پرۆسەی دروستکردنی کارت و بڵاوکردنەوەی ئامێرەکانی ATM لە سەرانسەری هەرێمدا کرا.

هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی حکومەتی کاربەڕێکەر، بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) هاوتا لەگەڵ شەش بانکی دیکەی پێشەنگی عێراق، بژاردەیەکی فراوانتری بەرهەم و خزمەتگوزاریی بانکی بە هاوڵاتییان دەبەخشێت. "ئەمەش هەواڵێکی دڵخۆشکەرە بۆ مووچەخۆرانی کەرتی گشتی لە هەرێمی کوردستان و کەرتی دارایی عێراق".

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەشکردووە "ئێمە خۆشحاڵین بەم هاوبەشییە و ئەو سوودانەی کە لەم ڕێگەیەوە بە خەڵکی هەرێمی کوردستان دەگات.

ئ.ز

 
2024-05-08
زیاتر...