ئابوری

ئێستا گەیشت.. مەترسی لەسەر مووچەی مانگی پێنج دروستبوو

نها نیوز ـ هه‌واڵه‌كان

چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كى جیاواز و ئاگادار مه‌ترسیه‌كان له‌ سه‌ر مووچه‌ى مانگى پێنجى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى كوردستان ئاشكراده‌كه‌ن و رایده‌گه‌یه‌نن، ئه‌گه‌ر حكومه‌تى هه‌رێم رێگه‌ به‌ ته‌وتینى موچه‌ نه‌دات له‌لایه‌ن بانكى بازرگانیى عێراق و كۆى داهاتى نا نه‌وتیش نه‌داته‌ عێراق، ئه‌وا حكومه‌ت و وه‌زاره‌تى دارایی عێراق مووچه‌ى مانگى پێنجى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم نانێرن و مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران رووبه‌رووى قه‌یرانێكى قوڵتر ده‌بێته‌وه‌.

وەک دەوترێت موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان سەرەڕای دواکەوتنی موچەی مانگانەیان، لە ئێستادا لە نێوان ململانێ و بەرداشی (هەژماری من) و (تەوتین)ی حکومەتی عێراقی ماونەتەوە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا موچەکانیان لە ڕێگه‌ی هه‌ژماری بانکیەوە وەربگرن، حکومەتی هەرێم پێداگریی لەسەر هەژماری من دەکاتەوە، حکومەتی عێراقیش دەڵێت، بڕیاری دادگای فیدراڵی جێبەجێدەکەین و دەبێت فەرمانبەرانی هەرێم لە ڕێگای بانکەکانی حکومەتی فیدراڵیەوە تۆماربکرێن و موچە وەربگرن.

د.فازڵ نەبی بریكارى پێشووترى وه‌زاره‌تى دارایی حكومه‌تى عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، "دوو پرسى گرنگ گرفتیان بۆ مووچه‌ دروستكردووه‌، یەکەمیان بابەتی تەوتین و دووەمیش بابەتی داهاتی ناوخۆی هەرێمه‌، کێشەکە لێرەدایە کە لەبڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق زۆر بەڕوونی باس لە بانکە حكومییه‌ فیدراڵییەکانی دەرەوەی هەرێم کراوە، واته‌ تەوتین، پەیوەندیی وەزارەتێکی دیاریکراوە لەگەڵ بانکێکی حوکمەتی فیدراڵی، من بۆخۆم قسەم لەگەڵ بەرێوەبەری بانکی تی بی ئای کرد و ئەو وتی ئێمە بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق جێبەجێدەکەین و هەروەها فه‌رمانی سەرۆک وەزیرانیشمان هەیە، بەڵام هەژماری من لەبڕیارەکەی دادگای فیدراڵیدا باسینەکراوە، هەژماری من کۆمەڵێک بانکی ئەهلین کە هەندێک لەو بانکانە ڕەنگە پێشتر کێشەی زۆرییان هەبوبێ، هەروەها لەهەژماری مندا دەبێت موچە لەبەغداوە بێتەسەر وەزارەتی دارایی هەرێم ئینجا دابەشیدەکات بەسەر بانکەکانی هەژماری من، تائێستاش هەم هەرێم و هەمیش بەغدا سورن لەسەر پڕۆژەکانی خۆیان".

به‌ بڕواى د.فازڵ نەبی، "ئەوە دووجارە کاک نێچیرڤان دەچێتە بەغدا، ڕەنگە بیانەوێت کاریگەریی لەسەر دادگای فیدراڵی دروستبکەن سەبارەت بەبابەتی هەژماری من و نوسراوی وەزارەتی دارایی عێراقیش هەیە بەهەمانشێوە، ڕەنگە بیانەوێت جێگه‌ی هەژماری من لە تەوتیندا بکەنەوە".

ئه‌وه‌شى وت:"دواکەوتنی مووچەی مانگی چوار لەسەر بابەتی دەستپێنەکردنی تەوتین و داهاتی ناوخۆ بوو، بەڵام دوای فشارێکی زۆر لەسەر حکومەتی عێراق، ئەم مانگەش مووچەیان نارد، بۆیە ئەگەر ئەو کێشەیە لەبنەڕەتەوە چارەسەرنەکرێت ئەوا لەمانگی پێنج گەورەتر دەبێت، من پێشتر قسەم لەگەڵ کردن و وتیان مانگی چوار ڕەنگە موچە بنێرین، بەڵام ئەگەر ئەو دوو گرفتە چارەسەرنەکرێ (تەوتین و داهاتی ناوخۆ)، ئەوا موچەی مانگی پێنج نانێرن، بۆیە باشترین شت ئەوەیە لەبری لێدوان لەسەر یەکتر هەردولا لەسەر ئاستێکی بەرز دابنیشن ڕێکبکەون بەڕێککەوتنی نوسراو نەک زارەکی، ڕێکبکەون لەسەر ئەو دوو گرفتە ئەگەرنا کێشەکە بەردەوامدەبێت، حکومەتی هەرێم یا هەر حکومەتێک لەدنیادا واجبێتی موچەی فەرمانبەرەکانی دابین بکات، چۆن دابینیدەکات ئەوە کێشەی خۆیەتی، بۆیە دەڵێم دەبێت لەسەر ئاستی باڵا و بڕیار بەدەست بچنە بەغدا و ڕێکبکەون نەک ئەو هەموو هاتوچۆیە بکەن و هەندێ برادەر کە دەچن دەسەڵاتی بڕیاریشییان نەبێ".

لاى خۆیشییه‌وه‌  سۆران عومەر ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایی له‌ په‌رله‌مانى عێراق هۆکاری پێداگری حکومەتی هەرێمى لەسەر هەژماری من روونكردووه‌ته‌وه‌ و ده‌ڵێت:"هۆكاره‌كه‌ى ئەوەیە، حکومەتی هەرێم ئەوەی لەبانکی ئەهلی بۆی دەکرێت، لە تەوتین لەبانکی حوکمی بۆی ناکرەت و لێشی قبوڵناکرێ".

دەشڵێت "ئەم مانگی چوارەش حکومەتی عێراق دوای ئەو هەموو فشار و داواکاری و پاڕانەوە، داوایانکردووە لە دادگای فیدراڵی، ئینجا دادگای فیدراڵی نوسراوەیەکی ناردووە کە ئەم مانگەش پارە بۆ هەرێم بنێرن، ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی دارایی عێراق بەڕوونی ئاماژەی بەوەکردووە، موچەی مانگی چوارییان بۆ هەرێم ناردووە لەسەر بنەمای ڕێنمایی وەزیری دارایی لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەسەر بنەمای نوسراوێکی سەرۆکی دادگای فیدراڵی، ئەی مانگی داهاتوو؟ ئەوە واتا ئێستا تەوتینییان دەستپێنەکردووە و داهاتی نانەوتیان ڕادەستی بەغدا نەکردووە، ئەو پاڕانەوەی حکومەتی هەرێم بۆ مانگی چوار کردی دەیسەلمێنێت حکومەتی هەرێم نایەوێت بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی جێبەجێبکات".

په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌كه‌ له‌ په‌رله‌مانى عێراق ئه‌وه‌شى باسكردووه‌، "بەشێک لەو بانکانەی ناو هەژماری من خۆیان بانکی باشن کێشەیان نییە، بەڵام بانکی ئەهلین و بۆ بڕیاری دادگای فیدراڵی نابێت، بانگەشەی حکومەتی هەرێم بۆ ئەو بانکانە لەناو پڕۆژەی هەژماری من وایکردووە کەئەوان باجی بێمتمانەیی حکومەتی هەرێم دەدەن، چوونکە خەڵک بڕوای بەحکومەتی هەرێم نییە".

2024-05-15
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.