عێڕاق

قەیس خەزعەلی داوای چارەسەرکردنی کێشەی موچەی فەرمانبەران دەکات


قەیس خەزعەلی، ئەمینداری عەسائیبی ئەهلی حەق لە ساڵیادی دامەزراندنی حزبەکەیدا داوای چارەسەرکردنی کێشەی موچەی فەرمانبەران دەکات.

قەیس خەزعەلی لەمیانی پێشکەشکردنی وتارێك ڕایگەیاند، "چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی رۆڵەکانی گەلی بەڕێزی کوردستان، بەو شێوەیەی ژیانی شکۆمەندانیان بۆ دەستەبەربکات بەو پێیەی هاووڵاتی عێراقین و دەستوور مافەکانی پاراستوون".

خەزعەلی لە وتارەکەیدا هەشت خاڵی وەك داواکاری خستەڕوو کە بریتی بوون لە (یەکەم، دەرکردنی هێزە سەربازییە بیانییەکانە، لە سەروویانەوە هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و هێزەکانی تورکیا. دووەم، بەدیهێنانی سەروەریی نەختینە و دواتر تەواوکردنی سەروەریی ئابووریی، بەوەی عێراق بڕیاری تەواوی لەدەست بێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ پارەکەی بەپێی بەرژەوەندییەکانی. سێیەم، بەردەوامبوون لە بەرەنگاربوونەوەی تووندی گەندەڵیی دارایی و کارگێڕی لە دامەزراوەکانی دەوڵەت و گێڕانەوەی ئەوەی دزراوە، بەتایبەت لە حکومەتی پێشوو و لێپرسینەوە لەو کەسانەی تێوەگلاون تێیدا، دوور لە گوشار و کاریگەرییە سیاسییەکان".

وتیشی "چوارەم، بەردەوامبوون لە کاراکردنی وەبەرهێنان و کەرتی تایبەت بەو پێیەی هەلی کار بۆ رۆڵە و براکانمان و ژیانی شکۆمەندانە بڕەخسێنێت. پێنجەم، چارەسەرکردنی کێشەی نیشتەجێبوون و دابینکردنی یەکەی نیشتەجێبوونی گونجاو بۆ هەموو هاووڵاتیانی عێراق. شەشەم، بەدیهێنانی ئاشتەواییەکی کۆمەڵگەیی راستەقینە لەو ناوچانەی رووبەڕووی تاوان و و تیرۆری داعش بوونەتەوە لەرێگەی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان و گەڕانەوەی خەڵکی ئەو ناوچانە بۆ شوێنەکانیان، جگە لەو کەسانەی دەستیان بە خوێنی رۆڵەکانی عێراق سوورە."
 
قەیس خەزعەلی پرسی مووچەی مووچەخۆرانیشی باسکرد و وتی، "حەوتەم، چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی رۆڵەکانی گەلی بەڕێزی کوردستان، بەو شێوەیەی ژیانی شکۆمەندانیان بۆ دەستەبەربکات بەو پێیەی هاووڵاتی عێراقین و دەستوور مافەکانی پاراستوون. هەشتەم، یەکلاییکردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان کە زۆر دواکەوتووە و داوا لە هێزە سیاسییە بەڕێزەکانی سوننەکان دەکەم هەوڵبدەن بۆ یەکخستنی ریزەکانیان و رێکبکەون بۆ ئەوەی ئەو پۆستە سەرچاوەی هێز بێت بۆ عێراق کە دەسەڵاتێکە ئەرکێکی گرنگی هەیە کە یاسادانان و چاودێریکردنە."
2024-05-04
زیاتر...