وتار

دیمۆگرافیای كوردستان لە دیكۆمێنتی سەدەیەك لەمەوپێشدا

د.كارزان محەمەد
سەرچاوەیەكی گرنگی داتا سەبارەت بە دانیشتوان، دیكۆمێنتی نێو ئەرشیفی وڵاتانی پەیوەست بەكوردستان، لایەنی پۆزەتیڤی دیكۆمێنتەكان لەوەدایە كە كورد نەینوسیووە تا ڕەخنە لە كاریگەری هەست و سۆز و لایەنگرێتی ئاراستەی دیكۆمێنتەكان بكرێت. لەلایەكیترەوە بەهۆی نەبوونی دەوڵەت و دامەزراوەی سەربەخۆ و لاوازی ئەقڵی ئەرشیفەوە، بەناچاری دەبێ شەنوكەوی ئەرشیفی وڵاتان بكەین لەپێناو ڕۆشنكردنەوەی لایەنە تاریكەكانی مێژووی نەتەوەكەمان.    
لە دووتوێی پەرتوكێكی گرنگدا كە تایبەتە بە پەیوەندی و ئاستەنگەكانی هەردوو وڵاتی عێراق و ئێران، لە پاشكۆكەیدا سەركونسوڵگەریی ئێران لە شاری (بەسرە)، ئامارێكی گرنگ و نهێنی ئاراستەی وڵاته‌كه‌ی كردووە سەبارەت بەڕێژەی دانیشتوانی شیعە لە عێراق، ئاماژه‌ی به‌هه‌رسێ لیوای (موسڵ، كەركوك، هەولێر)ی كردووە، بەهۆی شۆڕشی (شێخ مەحمودی حەفید)ەوە نەیتوانیوە زانیاری تەواو لەسەر لیوای سلێمانی كۆبكاتەوە، هەربۆیە لە نامەكەیدا هاتووه‌ كە لیوای سلێمانی لە ئامارەكەدا نییە. 
ئەم دیكۆمێنتە، لەژێرناوی (ئاماری كونسوڵگەری ئێران لە بەسرە سەبارەت بە دانیشتوانی شیعە و هاوڵاتیانی ئێرانی لە عێراق لە ماوەی ساڵانی 1301-1302ی شەمسی) لە مێژووی (25 عەقرەبی 1302- 17ی تشرینی دووەمی 1923ز زایینی) ئامادە كراوە. دیكۆمێنتەكە لە (ناوەندی بەڵگەنامە مێژووییەكانی وەزارەتی كاروباری دەرەوە، دۆسییەی ژمارە 17-27-1302)دا ئەرشیف كراوە.
بایەخی ئەم دیكۆمێنتە، وێڕای ئاماژەدانی ورد بەناوی قەزا و ناحییەكانی ئەو سێ لیوایە، بەهیچ چەشنێ ئاماژە بە بوونی عەرەب لە شاری كەركوك نادات و دەنووسێ (كەركوك بەشێكە لە كوردستان و دانیشتوانەكەی كوردن). ئەمەش دەقی تەواوی ئاماری ئه‌م سێ لیوایه‌یه‌: 
دەیەم: لیوای موسڵ
پێكهاتووە لە قەزاكانی: ئاكرێ، دهۆك، عەمادیە، زاخۆ، سنجار، تەلعەفەر و ناحیەی شێخان، عەشیرەتەكانی سەبعە، سورچی، زێباری، بەرواری، رێكانی، سند گلی. دانیشتوانەكەی (350.378) كەسە كە (17.180) كەسی شیعەیە. لە موسڵدا دەوڵەتی ناوبراو كونسوڵگەری هەیە، ئەمڕۆش بەهۆی پێگە سیاسییەكەیەوە خاوەنی بایەخێكی تایبەتە.
یانزدەیەم: لیوای كەركوك:
لە قەزاكانی رەواندز و ناحییەكانی مەلحە، تاوق (داقوق)، ئاڵتون كۆپری، قەرەحەسەن، شوان، دیرە، بالك (ڕه‌نگه‌ باڵه‌كایه‌تی بێت)، برادۆست و شیروانه‌ پێكهاتووە. دانیشتوانەكەی (92.000) هەزار كەسە كە (5.000) هەزار كەسیان شیعەیە. كەركوك بەشێكە لە كوردستان و دانیشتوانەكەی كوردن. ئێران هیچ نوێنەرێكی لەوێ نییە. 
دوانزدەیەم: لیوای هەولێر
لە قەزاكانی: كوێسنجەق، كفری و ناحییەكانی مەحمود، قوشتەپە، شەقلاوە، گوێر، تەقتەق، قەرەتەپە، توزخورماتوو، زەنگەنە پێكهاتووە. دانیشتوانی لیوای هەولێر (106.000) هەزار كەسە و دانیشتووی شیعەی ئەو لیوایە شیاوی ئاماژەپێدان نین.
سەرچاوە: مسعود كوهستانی نژاد: چالشها و تعاملات ایران و عراق در نیمە نخست سدە بیستم، مركز اسناد وزارت امور خارجە، چاپ اول 1384، ص (427-430).
ژمارەی خوێنەر   ‌ 253‌
4/16/2024 9:07:23 PM
زیاتر...