د. میران محەمەد
لەئێستادا هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان دواخراوە، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەوانییەکانی ڕۆژئاوا لەمپەری بۆ دروستبوە، سنوری پارێزگای سلێمانی لەپای هەڵوێستی نەتەوایەتیی دوچاری کۆتوبەندی فڕۆکەوانی بوەتەوە، ئەگەری لەشکرکێشی بۆ قوڵایی خاکی هەرێم لەلایەن دەوڵەتانی ئیقلیمی بەکراوەیی ماوەتەوە، هەموو ئەمانە هەڕەشەن بۆ تێکچونی ئارامی هەرێمی کوردستانو ناوچەکە.
لەحاڵەتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازادو سەربەخۆ، هەرێمی کوردستان سودمەند دەبێت لەبەدەستهێنانی زەمانەتی دامودەزگا شەرعیەکانی، عێراقیش سودمەند دەبێت لەمافی بەرگریی لەسەروەری خاکو پاراستنی سنورەکانی لەچوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا، ئەم دوانە پێویستن بۆ پارێزگاریی لەئاشتیو هێمنی ناوچەکە، کەواتە بابەتەکە تەنها پەیوەندیی بەچاکسازییو خزمەتگوزارییەوە نییە، بەڵکو مەودایەکی ئیقلیمی هەیە، هەر لەبەرئەمەیە نێردەی وڵاتان جەخت لەئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەکەنەوە لەوادەی خۆیداو هۆشداریدەدەن بۆ دوانەخستنی زیاتری.
بەئاشکرا سوپای وڵاتان سەرقاڵی تۆپبارانو ئۆپهراسیۆنن، پێویستە ڕێگریی بکرێت لەڕاکێشانی تەواوەتی هەرێمی کوردستان بۆ ناو جەنگێکی ناوچەیی کە بێگومان لەبەرژەوەندیی خەڵکدا نییە، بۆ ئەو مەبەستە، یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بەهەموو توانایەکەوە هەوڵدەدات کێشەی هەموو پارچەکانی کوردستان بەگفتوگۆو دانوستان چارەسەربکرێت، بەردەوام هەوڵدەدات ڕێگریی بکرێت لەبەرپابونی جەنگی هەرێمایەتی کە ماڵوێرانیو مەرگو برسێتی زیاتر بۆ هەموو گەلانی ناوچەکە دەهێنێت، بەتایبەت کە لەسەردەمێکداین دەستێوەردانی تەکنەلۆژیا هێندە بەهێزە، خوانەکردە هەر ئاگرێک بەرپاببێت، خامۆشبونەوەی زۆر زەحمەتە.
کەواتە پێداگریی یەکێتی لەئەنجامدانی هەڵبژاردن لەڕوانگەی پێویستی قۆناغەکەیە بۆ ڕێکخستنەوەی زوبەزوی دامەزراوەکانی هەرێم تاوەکو لەچوارچێوەی هێڵە نەتەوایەتییەکانی کوردو هێڵە نیشتمانییەکانی عێراقدا، بەیاسا پارێزگاریی لەسەروەری خاکو ئاشتی لەناوچەکەدا بکرێت.
لەم بابەتەدا هەرلایەنێک وەکو یەکێتی بیربکاتەوە ئەوا پێویستە وەک مەسەلەیەکی ستراتیژی لەهەوڵو هەڵوێستەکانی یەکێتی بڕوانێتو نزیکی لەهێڵە نەتەوایەتیو گشتییەکەی یەکێتی هەڵبژێرێت، بەتایبەت ئەو لایەنانەی کە لەسنوری سلێمانیدا ڕەخنەگرو چالاکن، ململانێی هەڵبژاردنو بانگەشە (کە مافی خۆیانە) تێکەڵنەکەن لەگەڵ بابەتێکی هەستیاری لەمشێوەیەدا.
بەمانایەکی تر، لەپێناو بەدەستهێنانی دەنگو هەندێک دەسەڵات لەناوخۆی خۆماندا نەبینە بەشێک لەشەڕی قەڵەمڕەوی هەرێمایەتی، کە دواجار بەزیان بۆ تەواوی خەڵکی کوردستان دەکەوێتەوە، واتە لەگەرمەی کێبڕکێی هەڵبژاردندا پێویستمان بەخەمێکی هاوبەشە لەو ئاگرەی کە دواجار بەرۆکی هەمومان دەگرێتەوە.