یەكێتی بە لاوێتی دەستی پێكرد و بە سەركردایەتییەكی گەنجانەوە خەباتی جۆشدایەوە. سەرۆك مام جەلال بە شۆخی و توانجی فێنكەوە لە باسی رۆمانی (سەگوەڕ)دا ئاماژەی بەوەدا كە جگە لە خۆی ئەوانی تر هەمووی گەنج و لاو بوون. ئەو لاوێتییە لە تەمەن بوو، لە بیر و ئەندێشە و هەروا لە خواستی گەورەی نەتەوەیی و نیشتمانیش بوو، بۆیە ستراتیژی كوردستانی و داوای مافی چارەنووسی گەلی كوردستان بوو. لاوێتی بووە هەوێنی قاڵبوون و گەورە بوون و ئەزموون پەیداكردن. بێگومان حوكمی زەمەن، دینامیكی بزووتنەوە و شۆڕشەكە، جارێكی تر باسی نوێبوونەوە، لاوكردنەوە و گەنجبوونەوە هاتۆتەكایەوە. سەدەی بیست و یەكە و تیمی گەنجانەی خۆی دەخوازێت. بۆیە ئەم دوو دروشمەی یادی 49 ساڵەی یەكێتی و 48ساڵەی شۆڕشی نوێ جوان و پوخت گوزارشت دەكات: ـ لاوان و گەنجان هەوێنی دەستپێكی خەبات و چرۆی دوارۆژی یەكێتیی و گەلەكەمانن. ـ لاوان و خوێندكاران ناونیشانی نوێبوونەوەی بزوتنەوەی سیاسیی كوردستان و یەكێتیش سەنگەری ئاوەدانێتی). جوان داڕێژراوە، فەقەت جوان پراكتیزەكردنی گەرەكە، چونكە تەنها و تەنها یەكێتی سەنگەری ئاوەدانی هەموو بیرۆكە جوانەكان و تاقیكردنەوە تازەكانە. تەنها یەكێتی چرۆی دواڕۆژی گەلەكەمان و ناونیشانی نوێبوونەوەی بزووتنەوەی سیاسی وڵاتەكەمانە. پێشتر زۆر هاتن و چوون، هەر یەكێتی خۆی لە كایەدا مایەوە و هەر خۆشی گرەو سەردەخات.