وتار

داهاتوو بۆ مرۆڤایه‌تییه‌ یان بۆ رۆبۆت و به‌رهه‌مه‌كانى ژیرى ده‌ستكرد

هه‌ڵگورد جه‌لال

 له‌م 10 ساڵه‌ى رابردوودا، فیلمه‌كانى هۆلیود رایانكێشاوینه‌ته‌ ناو جه‌ده‌لێكى جدییه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى ئایا به‌رهه‌مه‌كانى ته‌كنه‌لۆژیاى رۆبۆتى و ژیرى ده‌ستكرد، مرۆڤایه‌تى به‌كوێ ده‌گه‌یه‌نن، هه‌ر به‌راستى ته‌كنه‌لۆژیاو ژیرى ده‌ستكرد خراونه‌ته‌ خزمه‌تى مرۆڤایه‌تییه‌وه‌، یان ته‌واوى مرۆڤایه‌تى خراونه‌ته‌ خزمه‌ت ه‌و جۆره‌ ته‌كنه‌لۆژیا رۆبۆتییه‌و ژیرى ده‌ستكرده‌وه‌، هه‌روه‌ك له‌ فیلمى مه‌ستى ئه‌سپه‌كانى به‌همه‌نى قوبادیدا، له‌جیاتى ئه‌وه‌ى تایه‌ هۆكارێك بێت بۆ ئاسووده‌یی و گواستنه‌وه‌ى مرۆڤ، به‌ڵام مرۆڤه‌كان بوونه‌ته‌ هۆكارى گواستنه‌وه‌ى تایه‌كان.

گووتارى زاڵى ئه‌و فیلمانه‌، باڵاده‌ستبوونى رۆبۆت و ته‌كنه‌لۆژیا رۆبۆتییه‌كان و ژیرى ده‌ستكرده‌، به‌سه‌ر هزرو بیركرده‌وه‌و ره‌فتارى مرۆڤدا، ئه‌و رۆبۆتانه‌ بانگه‌شه‌ى ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن خودى مرۆڤ مه‌ترسى و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆسه‌ر مرۆڤایه‌تى و ئه‌وانن كه‌ ده‌توانن هه‌م زه‌وى و هه‌م ئه‌وه‌ى پێى ده‌وتریت مرۆڤایه‌تى له‌فه‌وتان و له‌ناو چوون بیپارێزن و بیهێڵنه‌وه‌ به‌ڵام له‌ژێر هه‌ژمون و هه‌یمه‌نه‌ى ئاراسته‌كراوو بوون به‌كۆدو كۆنترۆڵكراوى خۆیاندا.

هه‌ندێك له‌و فیلمانه‌ تا ئه‌و شوێنه‌ ده‌ڕۆن، هه‌ستى سۆزدارى له‌گه‌ڵ مرۆڤدا ئاڵوگۆڕده‌كه‌ن و چیتر شوێنى مرۆڤ له‌پڕكردنه‌وه‌ى هه‌ست و سۆزو گرنگیپێدانیشدا ده‌گرنه‌وه‌، ئایا به‌جدى ئێمه‌ى مرۆڤ مرۆڤایه‌تى له‌ناو ده‌به‌ین و ئه‌و رۆبۆت و ژیرى ده‌ستكرده‌ى خۆمان دروستمان كردوون، مرۆڤایه‌تى و زه‌وى له‌ئێمه‌ ده‌پارێزن و پاكى ده‌كه‌نه‌وه‌؟ داهاتوو بۆ مرۆڤایه‌تییه‌ یان بۆ رۆبۆت و ژیرى ده‌ستكرد؟
 
ژمارەی خوێنەر   ‌ 188‌
6/15/2024 2:05:50 PM
زیاتر...
د. میران محەمەد
ستران عەبدوڵڵا