جیهان

زیلینسکی له‌ هه‌وڵێكى تیرۆركردن ڕزگاریبوو

نها نیوز ـ هه‌واڵه‌كان

دەزگای ئاسایشی ئۆکرانیا ئاشكرایكرد، رووسیا له‌ رێگه‌ى چه‌ند سیخوڕێكه‌وه‌ كه‌ له‌ ناو ده‌زگا هه‌ستیاره‌كانى كیێڤدا كاریانكردووه‌، هه‌وڵیدا سه‌رۆكى ئۆكرانیا تیرۆر بكات.

سیخوڕەکانی ڕووسیایان لەناو دەزگایەکی ئەمنییدا كاریانكردووه‌ كه‌ بە ئیدارەی پاراستنی دەوڵەتی ئۆکرانیا ناسراوە.

دەزگاکە لە ئەپڵیکەیشنی تێلێگرام ڕایگەیاندووە، “لێکۆڵەرانی دژە هەواڵگریی و دەزگای ئاسایشی ئۆکرانیا پلانەکانی دەزگای ئاسایشی فیدراڵیی (ڕووسیا)یان بۆ تەسفیەکردنی سەرۆکی ئۆکرانیا و بەرپرسانی دیکەی سەرکردایەتیی باڵای سەربازیی و سیاسیی پووچەڵکردۆتەوە”.

لەکۆتایی ساڵی رابردوو، زیلینسکی لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی "زە سەن" رایگەیاند کە پێیوایە لەسەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی رووسیا لە ئۆکرانیا  5 بۆ 6 جار لە هەوڵی تیرۆرکردنی لەلایەن هەواڵگریی رووسیاوە رزگاری بووە، هەروەک دەزگای هەواڵگریی ئۆکرانیا باسی لەوەکردووە کە سەرۆکی ئەو وڵاتە لە 12 هەوڵی تیرۆرکردن رزگاری بووە، بەڵام لەبەرامبەدا، دیمیتری بیسکۆڤ، وتەبێژی سەرۆکایەتیی رووسیا، ئەوکات هەموو ئەو راپۆرتانەی رەتکردەوە کە باس لە پلانی مۆسکۆ بۆ تیرۆرکردنی زیلینسکی دەکەن.

لای خۆیەوە، دیمیتری مێدڤێدێڤ، جێگری ئەنجومەنی ئاسایشی ڕووسیا لە مانگی ئایاری رابردوو و دوای هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانیا بۆ سەر کرێملین، ڕایگەیاندبوو، جگە لە تەسفیەکردنی جەستەیی سەرۆک ڤلادیمێر زێلنسکی و تیمەکەی، بژاردەی دیکە نەماوە.

2024-05-08
زیاتر...