جیهان

بایدن ڤیتۆ دژ بە ئیسرائیل به‌كارده‌هێنێت

نها نیوز ـ هه‌واڵه‌كان

به‌رپرسێكى باڵاى کۆشکی سپی ئاشكرایكردووه‌، سەرۆکی ئەمریکا مافی ڤیتۆ دژ بەپڕۆژەیاسایەک بۆ پێشکەشکردنی یارمەتییە ئەمنییەکان بۆ ئیسرائیل بەکاردەهێنێت ئەگەر کۆنگرێس پەسەندی بکات، ئەویش دوای ئەوەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پاکێجێکی هاوکاریی چەکی بەبڕی ملیارێک دۆلاری بۆ ئیسرائیل گواستەوە بۆ کۆنگرێس بۆئەوەی پێداچونەوەی پێدا بکات.

یەکێک لەو بەرپرسانە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندوە، دوایین پاکێجی چەک گولەی تانک‌و هاوەن‌ و زرێپۆشی تاکتیکی لەخۆدەگرێت.

سەرۆک‌و ئەندامانی لیژنەکانی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیران‌ و کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەران پێداچونەوە بەمامەڵە گەورەکانی چەکی دەرەکی دەکەن.

جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند، ناردنی بۆمبی دوو هەزار پاوەند و 907 کیلۆگرام‌ و هەزار و 700 بۆمبی 500 پاوەندی بۆ ئیسرائیل دواخستووە، ئەوەش بەهۆی ترسی ئەوەی لە داگیرکارییەکی بەرفراوان بۆسەر شاری ڕەفەح لە باشوری کەرتی غەززە بەکاربهێنرێت.

بایدن داوای لە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کرد، بەبێ گەرەنتی بۆ خەڵکی سڤیل، لەشکرکێشی نەکاتەسەر ڕەفەح، ئەمەش دوای حەوت مانگ لە دەستپێکردنی جەنگی غەززە.

ئەوە لە کاتێکدایە، وابڕیارە لوتکەی عەرەبیی کە بەیانی لە بەحره‌ین بەڕێوەدەچێت، داوای گرێدانی کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتیی بۆ ئاشتیی، بەسەرپەرشتی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ چارەسەرکردنی پرسی فەڵەستین بکات.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بۆ ئەوەکرد، لوتکەکە پاڵپشتی لە حکومەتی دەوڵەتی فەڵەستین دەکات لەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتی حوکمڕانی لەکەرتی غەززە، بەڵام لەچوارچێوەی دیدێکی سیاسیی هەمەلایەنەوە.

2024-05-15
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.