کوردستان

یەکێتی بەتوندی لەسەر دواخستنی هەڵبژاردن هێرشیکردەسەر کۆمسیۆن و پارتی

نها نیوز - هەواڵەکان 

وتەبێژی یەکێتی رایدەگەیەنێت، دادگای فیدراڵی پەلەیکرد لە دەرکردنی فەرمانی وەلائی، بەڵکو دەبوو رەچاوی تێچووی هەڵبژاردن و بارودۆخی هەرێمی کوردستانی بکردایە، دەشڵێت "تەنها یەک لایەن لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دا نییە، وە هەڵبژاردن شووتی نییە بە شەرتی چەقۆ".

سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "هەرچەندە دادگای فیدراڵی لەبارەی ئەو سکاڵایەی کە ئاڕاستەی کرابوو لەسەر بڕگەی 2 لە ماددەی 2، فەرمانە وەلائییەکەی پەلەی پێوەدیارە و پێدەچێت پێشتر ئەو فەرمانە ئامادەکرابێت و چاوەڕوانی سکاڵابێت، بەڵام وەک یەکێتی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی رێزلێگیراوە لامان و بەهیچ شێوەیەک وەک هەندێک لایەن ناویان نازڕێنین.

سەعدی پیرە ئاماژەی بەوەشکرد "تانەکەی یەکێتی بۆ بڕیارەکەی کۆمسیاران کە بڕیاری داوە ئامادەکارییەکانی دارایی و هونەری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەڵپەسێرێت، چونکە پێمان وایە لە فەرمانە وەلائیەکەی دادگای فیدراڵیدا بڕیار نەدراوە هیچ پڕۆسەیەکی هەڵبژاردن رابگیرێت، بەڵکو دادگا داوایکردووە پێداچوونەوە بۆ ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان بکرێت، هاوکات یەکێتی پێی وایە دواخستنی هەڵبژاردن پێگەی هەرێمی کوردستان لاواز دەکات.

پیرە وتیشی "ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردن لەلایەن کۆمسیۆن و لایەنەکانەوە دەیان ملیۆن دۆلاری تێچووە، لەم روانگەیەشەوە پێویست بوو دادگای فیدراڵی وردتر خوێندنەوەی بۆ بارودۆخی هەرێم و تێچووی ماددی پڕۆسەکە بکردایە، ئەوکات بڕیاری بدایە، هاوکات پێویستە ئەوەش بخەینەڕوو کە تەنها یەک لایەن نایەوێت هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و سەرجەم لایەنەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەڵبژاردندان.

وتەبێژەکەی یەکێتی لە درێژەی قسەکانیدا لەبارەی کورسی پێکهاتەکانیشەوە دەڵیت "پێکهاتەکان خۆیان بەرپرسیاربوو لە نەمانی کورسییەکانیان، چونکە لە رابردوودا بینیمان ئەوانەی بەناوی پێکهاتەکانەوە لە پەرلەمان بوون، بووبوونە پاشکۆی حزبێکی دیاریکراو و لەبەرژەوەندی ئەو حزبە بڕیاریان دەدا.

ئەمەش لەکاتێکدایە، جومانە غەلای وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکامی عێراق بە میدیای یەکێتی راگەیاندووە "لەسەر بنەمای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، سەرجەم رێکارەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان راگیران.

ئ.ز
 
2024-05-08
زیاتر...