هەواڵ

ئاژانسی نها ناوی كاندیدانی یەكێتی بۆ حكومەت بڵاودەكاتەوە

ئاژانسی نها- ژووری هەواڵ

یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ناوی چەند كاندیدێكی بۆ حكوومەتی نوێی هەرێمی كوردستان یەكلایی كردۆتەوە و لەناویاندا قوباد تاڵەبانی و دەرباز كۆسرەت رەسوڵ و حەمەی حەمە سەعید بۆ چەند پۆستێك یەكلایی بۆتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست ئاژانسی هەواڵی نها كەوتووە لەناو سەركردایەتی یەكێتییەوە، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان قوباد تاڵەبانی بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی حكوومەت و دەرباز كۆسرەت رەسوڵ بۆ وەزارەتی پلاندان و حەمەی حەمە سەعید بۆ وەزارەتی رۆشنبیری یەكلایی كردۆتەوە.

هەروەها هەریەك لە جەبار یاوەر و مستەفا چاوڕەش بۆ پۆستی وەزارەتی پێشمەرگە و ئاسۆس عەلی بۆ وەزارەتی كشتوكاڵ و جەعفەر شێخ مستەفا بۆ راوێژكاری سەربازی سەرۆكی هەرێم بەمەرجێك هێزەكانی حەفتا رادەست نەكاتەوە.

سەبارەت بە سەرۆكی پەرلەمان كە پشكی یەكێتییە، سەرچاوەیەك لەناو مەكتەبی سیاسیی یەكێتی ئەوەی بە ئاژانسی نها راگەیاند "ئەگەر بە رێكەوتن بكرێت رێواز فایەق دەبێتە سەرۆكی پەرلەمان ئەگەر بە دەنگدان بێت بێگەرد تاڵەبانی چانسی زیاترە".

وتیشی "ئەگەر پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ بێگەرد تاڵەبانی نەبوو ئەوا تاڵەبانی داوای پۆستێكی وەزارەتی كردووە و واتە بكرێت بەوەزیری یەكێك لەو وەزارەتانەی بەر یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دەكەوێت".

لای خۆشییەوە لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بەئاژانسی نها-ی وت "دوای واژۆ كردنی رێكەوتننامەی یەكێتی و پارتی ناوی كاندیدەكان بڵاودەكرێتەوە".

2019-04-27
زیاتر...