وەزیری ئاوەدانکردنەوەی عێراق لەدهۆكەوە ڕایدەگەیەنێت،، تاوەکو ئەو کاتەی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگەنە رێککەوتن، مووچە نابڕدرێت و مانگانە لە بەغداوە دەنێردرێت.
ئەمڕۆ شەممە، بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوەی عێراق سەنتەرێکی پزیشکیی شێرپەنجەی لە دهۆک کردەوە کە لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە جێبەجێ کراوە و راشیگەیاند، "ئەمە یەکەم پڕۆژەیە کە حکومەتی فیدراڵی لە دهۆک جێبەجێی دەکات کە لەلایەن وەزارەتی ئێمەوە جێبەجێ کراوە".
بەنگین رێکانی وتیشی، "پڕۆژەکە لە ساڵی 2019ـەوە پارەی بۆ تەرخانکراوە، بەڵام ئێستا تەواو بووە و تەنیا ئەوە ماوە ئامێری پزیشکی تێدا دابنرێت، کە ئەوەش جێبەجێ دەکەین".
نەخۆشخانەکە لەسەر رووبەری هەزار و 100 مەتر دروستکراوە و چوار نهۆمییە و بەگوتەی وەزیری ئاوەدانکردنەوەی عێراق، گوژمەیەکی شەش ملیار دیناری بۆ خەرجکراوە.
کردنەوەی ئەم نەخۆشخانەیە لەکاتێکدایە کە بەپێی ئاماری تەندروستی دهۆک تەنیا لەساڵی 2023 دا 59 منداڵ تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوون، هاوکات ساڵانە 50 بۆ 60 منداڵ تووشی شێرپەنجە دەبن و تائێستاش پارێزگاكە نەخۆشخانەی تایبەت بە نەخۆشییەكەی نییە.
بەنگین رێکانی لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان جەختی لەوەشكردەوە، تاوەکو ئەو کاتەی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگەنە رێککەوتن، مووچە نابڕدرێت و مانگانە لە بەغداوە بەبێ كێشە دەنێردرێت".
ئەمە دوای ئەوەدێت، دابەشكردنی موچە لەهەرێمی كوردستان زۆر دوادەكەوێت و مانگانە حكومەتی كاربەرێكەری هەرێمی كوردستان چاوەروانی ناردنی پارەیە لەبەغداوە بۆ ئەوەی موچەی پێ دابەشبكات.
ش.ح