نها نیوز – هەواڵەکان
ژەنەراڵێکی سوپای عێراق دەڵێت "دەشێت تورکیا مەبەستی لە گواستنەوەی ئەو هێزە زۆرە و ناردنی سەدان تانک و زرێپۆش بۆ ناوچەکانی باکوری هەرێمی کوردستانی عێراق هەر تەنها لە لێدانی پارتی کرێکارانی کوردستان نەبێت، بەڵکو ئامانجی تریشی هەبێت، لەوانە کۆنترۆڵکردنی پارێزگای موسڵ.
ژەنەراڵێکی سوپای عێراق کە داوایکردووە ناوی ئاشکرانەکرێت، لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت "شەڕی پارتیزانی لە ناوچە شاخاوییەکاندا پێویستی بەو هێزە زەبەلاح و گەورە و تانک و زرێپۆش و ئەو بابەتانە نییە بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو شەڕە؛ هەربۆیە ناردنی ئەو هەموو کەرەستە و کەلوپەلە لەشکرییە، وەها دەکات بڵێم لەوبڕوایەدانیم تورکیا تەنها بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو شەڕە هاتبێت. تەنانەت کاتی خۆیشی حکومەتی عێراقیش نەیتوانیوە ئەو ناوچانە بە زەبری هێز بخاتەوە ژێر ڕکێفی خۆی. لەبەر ئەوە ئەگەر تورکیا بیەوێت ئەو ئەزمونە دووبارە بکاتەوە لە شوێنێکدا کە وڵاتی خۆی نییە، پێناچێت سەرکەوتوو بێت و بۆی ناکرێت.
ئەو ژەنەراڵە دەشڵێت "هێنانی ئەو هەموو کەرەستە و کەلوپەلە لەشکرییە لەلایەن تورکیاوە، لە ڕوی لۆژیکی سەربازی و لە ڕوی ڕەهەندە سیاسی و ستراتیژییەکانیشەوە شتی تریشی لەپشتە. تورکیا بابەتی موسڵ و ویلایەتی موسڵی وەلاوە نەناوە و وەک دەزانین ساڵانە لە بودجەی وڵاتی خۆیدا، بودجەیشی بۆ دادەنێت.
ئەو جموجۆڵە لەشکرییانەی تورکیا لەکاتێکدایە، حکومەتی عێراق و حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستانیش تائێستا بێدەنگن، بەڵام لە هەنگاوێکی بێپێشینەدا، ئەنجومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، دوای کۆبوونەوەکەی ڕۆژی چوارشەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەو جموجۆڵە لەشکرییانەی تورکیای ڕەتکردنەوە و وەک لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە "جەخت دەکەینەوە لە ڕەتکردنەوەی هاتنە ناوەوەی لەشکریی تورکیا بۆ ناو خاکی عێراق و پێویستە تورکیا پرەنسیپی دراوسێیەتی باش بە هێند وەربگرێت و هەروەهاش سەروسەودای دیپلۆماتی لەگەڵ عێراقدا بکات و لە بابەتە ئاسایشییەکاندا هەماهەنگیی لەگەڵدا بکات.
ژەنەراڵەکەی سوپای عێراق لەمبارەیەوە دەڵێت "دەبوایە حکومەتی عێراق هەنگاوی خۆپارێزیی بنایە، نەک دەرکردنی ڕاگەیەندراوێک لە ئەنجومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و دەبووایە لە دەمێکەوە قسەی خۆی بکردایە و هەنگاوی دروستی خۆی بنایە بەرامبەر ئەو هێزانەی بە نایاسایی لە ناوچەکانی شارۆچکەی باشیک دایانکوتاوە.
باس لەوەش دەکات "لە ئێستادا زیاتر لە 50 سەربازگەی تورکیا لەو ناوچانەدا دانراون، لە کاتێکدا بەپێی ڕێککەوتنە ئاسایشییەکانی نێوان عێراق و تورکیا، لە مەودایەکی دیاریکراودا کە 30 کیلۆمەترە، بەکاربهێنرێت بۆ ڕاوەدوونانی ئەوانەی بە تێرۆریست ناودێر کراون لەلایەن ئەو وڵاتانەوە، لە کاتێکدا میللەتەکانی ناو ئەو وڵاتانە بە ئۆپزسیۆن و گەریلا ناودێریان دەکەن. لە ڕێککەوتنەکانیشدا باس لەوە نەکراوە تورکیا بنکەی لەشکریی دابنێت.
ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە، تورکیا بەردەوامە لە جمجۆڵە لەشکرییەکانی خۆی لە باکوری هەرێمی کوردستان و تادێت، هێزی زیاتری لەشکریی بە تانک و زرێپۆشەوە دەگوێزێتەوە ناوچەکانی پارێزگای دهۆک.