هەواڵ

نەرمین مەعروف بۆ نهانیوز: كردنەوەی لقی بانكەكانى عێراق لە هەرێم خێراتر دەكرێت

نها نیوز- هەواڵەکان


ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق تایبەت بەنهانیوز ئاشكرایكرد، بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی كردنەوەی لقی بانكە عێراقییەكان خێراتر دەكات.

دكتۆرە نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لەلێدوانێكدا تایبەت بە نهانیوز رایگەیاند، دەمێكە لەهەوڵدان بۆ دووبارە كردنەوەی لقەكانی بانكی رافیدەین و رەشید لەشارەكانی هەرێمی كوردستان".

دەشلێت، لەئێستادا لەدوای بریارەكەی دادگای فیدراڵی بۆ كردنەوەی لقی بانكەكانی عێراق لەهەرێمی كوردستان كارەكان و رێكارەكانی كردنەوەی خێراتر دەكەن".

سەرچاوەیەكیش تایبەت بەنهانیوز ئەوەی ئاشكراكرد، بانکەکانی رەشید و رافیدەین باڵەخانەیان لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام بەهۆی ئەوەی بانکە حکومییەکان تێیاندا جێگیرکراوە ناتوانن بگەڕێنەوە ئەو بانکانە، ئەگەرچی هەردوو بانکەکە بەفەرمی داوای باڵەخانەکانیان کردوه.

 بەپێی زانیارییەكان، هەردوو بانکەکە رەزامەندییان دەربڕیوە نووسینگە لە هەرێمی کوردستان بکەنەوە بۆ کردنەوەی هەژماری بانکیی بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بەڵام تاوەکو ئێستا بەفەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵوێستی خۆی لەوبارەیەوە دەرنەبڕیوە.

ئەم هەنگاوەی عێراق دوای ئەوەدێت، لە رۆژی 21ـی شوباتی 2024، دادگای فیدراڵی عێراق بریاریدا بە پابەندکردنی حکومەتی فیدراڵ بە دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان،داواشی کرد هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم دروست بکرێت بە مەبەستی پێدانی مووچەکانیان لە لایەن عێراقەوە و ڕاشیگەیاند ئەو بانکانەی دەتوانن بەشدار بن تەنها بانکی حکومین.

ش.ح
2024-03-03
زیاتر...