هەواڵ

بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل سزای لە سێدارەدان بەسەر كوردێكدا سەپێنرا

نها نیوز- هەواڵەكان

شاهین وەساف هاووڵاتیی كوردی خەڵكی سەڵماس لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی"، لەلایەن هێزە ئەمنییەكان لە شاری ئورمیەوە دەستبەسەر كرابوو، بە تۆمەتی «سیخوڕی بۆ ئیسرائیل» سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.

رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویكردۆتەوە، شاهین وەساف هاووڵاتیی تەمەن 27 ساڵی كورد و خەڵكی سەڵماس لەلایەن لقی سێی دادگای شۆرشی ئورمیەوە بە تۆمەتی «سیخوڕی بۆ ئیسرائیل» سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا و حوكمەكەی لە ڕۆژی سێشەممەی رابردوو لە بەندیخانەی ناوەندی ئورمیە بە شێوەی فەرمی پێی ڕاگەیەندراوە.

شاهین وەساف ڕۆژی چوارشەممە (٢١ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢) و لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" هاوڕێ لەگەڵ هاووڵاتییەكی دیكە بە ناوی ناسر وەساف لەلایەن هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعاتی لە ئورمیە دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی ئەم ناوەندە ئەمنییە لە شاری ئورمیە گواسترابوونەوە و دوای لێكۆڵینەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندی ئورمیە ڕاگوێزراون.

بەپێی زانیارییەكان دانیشتنی دادگایی ئەم دوو هاووڵاتییە بە بێ هەبوونی پارێزەر بەڕێوەچووە و ناسر وەساف ڕۆژانی ڕابردوو لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ئازاد كراوە.
 

2024-02-22
زیاتر...