ئهمریكا كڵاوهى ئهتۆمى بهكارهێنا.. دواى 40 ساڵ مهترسیهكى گهوره ڕوویدا
نها نیوز ـ ههواڵهكان
جێنیفر گرانهۆڵم وەزیری وزەو جیل هروبی بەڕێوەبەری ئیدارەی ئاسایشی ئەتۆمیی نیشتمانیی ئەمریکا لەبەردەم ئەنجومەنی پیراندا ئاشکرایانکرد، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) دوای تێپەڕبونی 40 ساڵ، یەکەمین کڵاوەی ئەتۆمیی نوێ دروستدەکات.
گرانهۆڵمو هروبی ڕایانگەیاند:"پڕۆسەکە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی پێداویستییەکانی وەزارەتی بەرگریی بۆ بەرزکردنەوەی کاریگەریی ئۆپەراسیۆنی هێزی ژێردەریایی موشەکی بالیستیی ئەمریکا".
بەگوێرەی ڕۆژنامەی واشنتۆن ئێگزامینەر، کڵاوەی جەنگیی W93 بەبێ تاقیکردنەوەی ئەتۆمیی دروستدەکرێت، هەروەک لە سەر موشەکی بالیستیکی ژێردەریایی بەکاردەهێنرێت، بەوپێیەی ئەمریکا لە ئێستادا پابەندە بەقەدەغەکردنی تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکان.
پێشبینیدەکرێت تێچوی کڵاوە جەنگییەکە 19.8 ملیار دۆلار بێتو ئیدارەی ئاسایشی نیشتمانیی ئەتۆمیی لەماڵپەڕەکەیدا ئاماژەی بەوەکردوە کە W93 "ڕێگە بەئەمریکا دەدات هاوسەنگی لە بەرامبەر نەیارانی ئەو وڵاتەدا بەدەستبهێنێت.
هەنگاوی دروستکردنی کڵاوە جەنگییەکە لە سەر داوای ژەنەڕاڵ چارڵز ڕیچارد جێبەجێکراوە کاتێک لە ساڵی 2020دا فەرماندەی فەرماندەیی ستراتیژی سوپای ئەمریکا بوو کە بنکەکەی لەئۆماهایە.
ڕیچارد نیگەرانییەکانی لە بارەی "پێشکەوتن"ەکانی چەکی ئەتۆمیی چینی وروژاند، ئەویش کاتێک ئەو وڵاتە دەستیکرد بەجێگیرکردنی موشەکی بالیستیکی کیشوەربڕی فرە کڵاوە لەسێ کێڵگەی گەورەی موشەکی لە ڕۆژئاوای وڵاتەکەی، بەرپرسانی سەربازیش مەزەندەیان کردوە کە کێڵگەکان تا 360 موشەک لەخۆبگرن.
کڵاوەی ئەتۆمیی نوێی W93 لەمانگی ئایاری 2022وە لەقۆناغی سەرەتایی دیزاینکردندایە لەتاقیگەی نیشتمانیی لۆس ئەلامۆسو نزیکە لەقۆناغی بەرهەمهێنان، چاودێرانیش دەڵێن نوێکردنەوەی هێزی ئەتۆمیی ئەمریکا لەکارە لەپێشینەکانی وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتەدایە.
|