جیهان

دواى پێنج ڕۆژ له‌هێرشه‌كه‌ى سه‌ر ئیسرائیل پاسدارانى ئێران زانیاریى گرنگى ئاشكراكرد

نها نیوز ـ هه‌واڵه‌كان
فەرماندەیەکی سوپای پاسدارانى كۆمارى ئیسلامى ئێران ئاشکرایدەکات، لە هێرشەکانیاندا بۆ سەر ئیسرائیل، چەکی کۆنیان بەکارهێناوە، ده‌شڵێت:"بە کەمترین توانا دەتوانن ئیسرائیل لەناو ببەین".

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، ئەمیر عەلی حاجی زادە فەرماندەی هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران ڕایگەیاندووە، لە هێرشەکەی بەربەیانی ڕۆژی یەکشەممە بۆ سەر ئیسرائیل مووشەکی خوڕەمشەهر، سجیل، حاجی قاسم، خەیبەرشکێن هایپەرسۆنیکی 2ـیان بەکار نەهێناوە.

ئەو فەرماندەیەی سوپای پاسداران ئاماژەی بەوە کردووە، لە هێرشەکەیان بۆ سەر ئیسرائیل کەڵکیان لە چەکی کۆن وەرگرتووە، هەروەها کەمترین توانای سەربازیییان بەکار هێناوە. ئەمیر عەلی حاجی زادە، وتیشی: بە کەمترین توانا شکست بە ئیسرائیل دەهێنین.

قسەکانی ئەم فەرماندە سەربازییە ئێرانییە لە کاتێکدایە کە بە وتەی بەرپرسانی سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیل، 99%ی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوان و مووشەکانەی کە لەلایەن ئێرانەوە هەڵدرابوون، بەرلەوەی بگاتە ئیسرائیل، تێکشکێندرابوون.

شەوی 13ى ئه‌م مانگه‌ نزیكه‌ى کاتژمێر 11، سوپای پاسدارانی ئێران بەدەیان موشەک‌و درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە، هێرشیکردەسەر ئیسرائیل، ئەم هێرشەی تاران لەوەڵامی کوژرانی حەوت ئەندامەکەی سوپای پاسداران بوو کە لەهێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەکەی لەدیمەشقی پایتەختی سوریا سه‌ره‌تاى ئه‌م مانگه‌ کرانە ئامانج.

 
2024-04-18
زیاتر...