دواى هێرشهكهى ئێران بۆسهر ئیسرائیل چى روویداوه؟
نها نیوز ـ ههواڵهكان
چەند مانگێک دوای لەشکرکێشی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، بەرپرسێکی باڵای ئێران ڕایگەیاند، 22 وڵات ئارەزوی خۆیان بۆ دەستخستنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیی ئێرانی دەربڕیوە، هاوکات یۆاڤ گالانت وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا ڕایگەیاندبوو، زیاتر لە 50 وڵات لەسەر موشەکی ڕێنماییکراوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ لەگەڵ ئێران دانوستان دەکەن، ئەوە جگە لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سیخوڕییو چاودێرییو دیدەوانیی (ISR) کە لەلایەن پیشەسازییە بەرگرییەکانییەوە بەرهەمدەهێنرێن.
چاودێران دەڵێن، سەرەڕای دڵنیایی ئیسرائیلو ئەمریکا کە سەرکەوتوانە زۆرینەی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانە خۆکوژانەی ئێرانیان تێکشکاندوە کە لەمدواییەدا ئاڕاستەی ئیسرائیل کران، بەڵام پێناچێت ئەمە گرنگیدانی نێودەوڵەتیت بۆ فڕۆکە بێفڕۆکەوانە دروستکراوەکانی ئێران کەمبکاتەوه.
ئەوەش هاتوە، زۆرێک لەو وڵاتانەی کە بیر لەبەدەستهێنانی ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی ئێران دەکەنەوە، لەململانێکانیاندا ڕوبەڕوی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی پێشکەوتوی وەک ئەوانەی ئیسرائیلو ئەمریکا وەکو Iron Dome نابنەوە، هەربۆیە بۆ ئەم وڵاتانە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران کاریگەریی بەرزیان هەیە بەرامبەر بەنەیارەکانیان.
ساموێل بێندێت شارەزای بواری زیرەکیی دەستکردو سیستەمی بێ سەرنشین لەدامەزراوەیەکی بیرکردنەوە لەواشنتۆن ئاماژەی بەوەدا، سەرکەوتنی ئەمدواییەی ئیسرائیل لەڕوبەڕوبونەوەی هێرشەکانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران، فرۆشتنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی ڕانەگرتوە.
دەشڵێت:"ئەو وڵاتانەی کە بەدوای سیاسەتی سەربازییو سیاسیی سەربەخۆ لەنفوزی ئەمریکادا دەگەڕێن، بەردەوامن لەکڕینی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی".
بەکارهێنانی ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە لەململانێکانی ئۆکرانیاو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەری گرنگیدانیان بۆ زیادکردوە، بەگوێرەی زانیارییەکان چەند وڵاتێک ئارەزوی دەستپێکردنی دانوستان لەگەڵ تاران دەکەن.
داتاکانی ئینستیتیوتی ئاشتی ئەمریکا ئاماژە بەوەدەکەن، شانبەشانی گروپە بریکارەکانی سەر بەئێران وەک حزبوڵڵا لەعێراقو سوریا، تاران فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی خۆی لانیکەم بۆ حەوت وڵاتی دیکە هەناردە کردوە، لەوانە تاجیکستانو ڤەنزوێلا.
ڕۆیتەرز هەروەها باسی بەکارهێنانی لەململانێکانی سودان کردوە. ئامانجە گریمناکراوەکان بۆ هەناردەکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران لەداهاتودا بریتین لەبۆلیڤیاو بیلاڕوس، بەڵام بەوتەی شرۆڤەکاران چاوەڕوانی زیادبونی بەکارهێنانی ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە لەئەفریقاو ئەمریکای باشوریش هەیە.
لەئێستادا فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران لەچوار کیشوەری ئاسیا، ئەفریقا، ئەوروپاو ئەمریکای باشور کاردەکەن.
دوای چەند مانگێک لە لەشکرکێشی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، بەرپرسێکی باڵای ئێران ڕایگەیاند، 22 وڵات ئارەزوی خۆیان بۆ بەدەستهێنانی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە دەربڕیوە.
هەروەک لەمانگی شوباتدا، یۆئاڤ گالانت وەزیری بەرگری ئیسرائیل ڕایگەیاند، زیاتر لە 50 وڵات لەسەر موشەکی ڕێنماییکراوو فڕۆکە بێفڕۆکەوانە خۆکوژەکانی لەگەڵ ئێران دانوستان دەکەن، ئەمە جگە لەفڕۆکەی سیخوڕیو چاودێرییو دیدەوانیی کە لەلایەن پیشەسازییە بەرگرییەکانییەوە بەرهەمدەهێنرێت.
بەکارهێنەرانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی ئەو وڵاتانەن کە کێشەی سیاسییان لەگەڵ ئێراندا نییەو هەروەها پارەی دەستخستنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ڕۆژئاوایی گرانتریشیان نییە.
ڕاپۆرتە میدیاییەکان لەئێرانەوە ئاماژە بەوەدەکەن، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی بنەماڵەی شەهید چەند ساڵێکە بە هۆی بەکارهێنانیان لەململانێ جۆراوجۆرەکاندا، بەتایبەت لەلایەن ڕوسیا لەئۆکرانیا، جێگەی سەرنجی وڵاتان بوە.
بەگوێرهى ڕاپۆرتێکی میلیترناری، لەمانگی شوباتدا، ڕوسیا ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر خەرجکردنی یەک ملیارو 750 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بۆ بەرهەمهێنانی نزیکەی شەش هەزار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شەهید-136 بۆ بەکارهێنانی لەلایەن سوپای وڵاتەکەیەوە بۆ ئامانگرتنی پێگەکانی ئۆکرانیا .
ڕێککەوتنەکەش لەگەڵ ئێران بریتی بوە لەپەرەپێدانی دامەزراوەیەک لەناوخۆی ڕوسیا بۆ دروستکردنی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە لەماوەی دوو ساڵو نیو دوای ڕێککەوتنەکە لەگەڵ تاران.
بەرپرسانی ئەمریکی ئاماژەیان بەوەکردوە، تواناکانی سیستەمی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران لەساڵی 2014وە پەرەیسەندوە، لەبەکارهێنانی لەلایەن چەکدارە حوسییەکانی سەر بەتاران لەهێرشەکانی سەر دامەزراوە نەوتییو گازییەکانی سەر بەکۆمپانیای ئارامکۆی سعودیە دەستیپێکردوە تا دەگاتە بەئامانجگرتنی کەشتییە بازرگانییەکان لەکەنداوی عەرەبیو ئێستاش گۆڕەپانی جەنگ لەئۆکرانیا.
|