جیهان

ئاگاتان لێیە ئیسرائیل چ گورزێکی کەمەرشکێنی لە ئێران داوە؟



رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی بڵاویکردەوە، بە پشتبەستن بە وێنەکانی مانگی دەستکرد، هێرشی ئیسرائیل بۆسەر رۆژهەڵاتی ئیسفەهان، بەر بەشێکی گرنگی سیستمی بەرگریی ئاسمانی S300 کەوتووە و لەناوی بردووە.

نیویۆرک تایمز نووسیویشیەتى، وێنەی مانگە دەستکردەکان ئەوە پیشاندەدەن ئەو سیستمى بەرگرییەى ئێران لە رۆژهەڵاتی ئەسفەهان جێگیریکردووە ناوی S300 بووە، بە چوار ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر  دەورە درابوو کە هەڵگری مووشەکە بوون، زیانی زۆری پێگەیشتووە.

رۆژنامەی نیویۆرک تایمز باسى لەوەشکردووە، وردبینی هێرشەکە ئەوە دەردەخات،‌ هێرشەکان لە قوڵایی ئێران بوون، ئیسرائیل ئامانجێکی دیاریکراو و وردی هەڵبژاردووە، ئەویش سیستمی بەرگریی ئاسمانیی S300 بووە.

بەگوێرەی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیجی و نێودەوڵەتی واشنتن، ئێران سیستمی بەرگریی ئاسمانیی S300ـى دروستکراوی رووسیای بەکارهێناوە بۆ رێگریکردن لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل.

ئەمە لە کاتێکدایە، جگە لە پشکنینی وێنەى مانگە دەستکردەکان، دوو بەرپرسی رۆژئاوایی و دوو بەرپرسی ئێرانی بە رۆژنامەی نیویۆرک تایمزیان راگەیاندووە، ئەم سیستمە بەرگرییە ئاسمانییە لەلایەن  ئیسرائیلیەوە کراوەتەئامانج.

هێرشکردنە سەر سیستمی ئاسمانیی S300 لە بنکەیەکی سەربازیی لە پارێزگای ئەسفەهان لەلایەن دوو بەرپرسی ئێرانییەوە پشتڕاستکراوەتەوە و گوتوویانە، ئامانجی ئیسرائیل هێرش بووە بۆ سەر بنکەی ئەتۆمی نەتەنز.

2024-04-21
زیاتر...