عێڕاق

سودانی سەركەوتنی بودجەی 2023 راگەیاند

نها نیوز- هەواڵەکان
 

سەرۆکوەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت، سەرکەوتنی گەورەیان لە جێبەجێکردنی بودجەی 2023 بەدیهێناوە.
 
نووسینگەی راگەیاندنی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویكردەوە، سەرۆکوەزیران سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی کردووە تایبەت بە تاوتوێکردنی بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2024.
 
وەکو نووسینگەکە دەڵێت، ئامانجی گفتوگۆکان بریتی بووە لە ئەولەویەتدان بە کەرتی خەرجییەکان بۆ پشتگیریکردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری، ئابووری، کۆمەڵایەتی و دەستپێشخەرییە ستراتیژییەکان لە چوارچێوەی بودجە بۆ هەر سێ ساڵی (2023، 2024، 2025).
 
لە کۆبوونەوەکەدا سوودانی رایگەیاندووە، "سەرکەوتنی گەورە"یان لە جێبەجێکردنی بودجەی گشتیی ساڵی 2023 بەدیهێناوە و، جەختیش لە جێبەجێکردنی بودجە بۆ ئەو پڕۆژانە دەکاتەوە، کە ماون.
 
بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەکە، "سوودانی جەختی لە گرنگیی تیشکخستنەسەر ئەو پڕۆژانە کردەوە کە نزیکن لە تەواوبوون، هەروەها ئەو پڕۆژانەش کە پشتگیریی ژێرخانی عێراق دەکەن و، ئەوانەش کە زۆرترین هەلی کار دەڕەخسێنن."
 
محەممەد شیاع سوودانی، وەک نووسینگەی راگەیاندنەکەی باسی کردووە، ئاماژەی بەوە کردووە، دەبێت سوود لە "جێبەجێکردنی سەرکەوتووانە"ـی بودجەی 2023 ببینرێت بۆ تەواوکردنی پڕۆژە تەواونەکراوەکان، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەستن بە چاکسازیی ئابووری، وەبەرهێنان و پەرەپێدانی ژێرخانی گواستنەوە، تەندروستی و پاڵپشتیکردنی پڕۆگرامە بەرهەمدارەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی."
 
راگەیێندراوەکەی نووسینگەی سوودانی لەکاتێکدایە، هێشتا بڕگەکانی بودجە لەنێوان هەولێر و بەغدا بەتەواوی جێبەجێنەکراون و ئەوەش کێشەی بۆ دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دروستکردووە.
 
ش.ح

2024-03-18
زیاتر...