کوردستان

بكوژی خواناس: لەسەر باوەڕ کوشتم و تەواو

نها نیوز – هەواڵەکان

سەبارەت بە کوشتنی خواناس وریا ئەو گەنجە چەمچەماڵییەی کە لە بەرواری 22ی حوزەیرانی 2023 لەناو بازاڕی چەمچەماڵ درایە بەر دەستڕێژی گولـلە و گیانی لەدەستدا، لە دادگاییەکەدا بكوژی ناوبراو رایگەیاندووە "لەسەر باوەڕ کوشتم و تەواو".

ئەمڕۆ دووشەممە دووەم ڕۆژی دانیشتنی دادگایی بکوژی خواناس وریا بوو، لەوبارەیەوە به‌هار مونزیر، به‌رێوه‌به‌ری رێكخراوی خه‌ڵك بۆ گه‌شه‌پێدان (PDO) لەمیانی نوسراوێکیدا لە پێگەی خۆی نوسیویەتی‌ "دانیشتنه‌كه‌ بە ئامادەبوونی خێزان و کەسوکاری وریا و 5 پارێزەر و ڕێکخراوەکان و داکۆکیکاران لە ماف و ئازادی لە کوردستان لە دادگای تاوانەکانی 3ی دادگای شاری سلێمانی بەڕێوە چووه‌.
 
بە وتەی بەهار مونزیر، لە دانیشتنەکەدا نوسراوەکە وتەی تۆمەتبار وەرگیراوه‌و دادگا چەندین پرسیاری سەبارەت بە تاوانەکە لێكردووە و، له‌و وه‌ڵامیشدا بکوژ 23 جار وتی: "من مەلا فڵان هانی نەداوم و هیچ کەس هانی نەداوم بۆ ئەم کوشتنە تەنها خۆم بووم، بەتەنها بیرم لێکردووەتەوە و بەتەنها تاوانەکەم ئەنجامداوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد "له‌ دانیشتنه‌كه‌ی ئه‌مڕۆدا پرسیاری داواکاری گشتی و پارێزەرە خۆبەخشەکانی ڕێکخراوەکان وورد بوون و نوسیویه‌تی: "ئێمە لەگەل دادپەروەریداین، هەمان کات نیگەرانین لە کاریگەری ئەو گوتارانەی بەم ڕۆژەی بردین، بە پێویستی دەزانین هەڵوێست هەبێت بەرامبەر بەم جۆرە لە کوشتن کە لە کوردستان هەبوە بەڵام کەم بوە لە رابردوودا".

خواناس وریای تەمەن 25 ساڵ  رۆژی 22ی حوزەیرانی 2023 لەناو جەرگەی بازاڕی چەمچەماڵ، لەلایەن  ناسیاوێکی گەنجی خۆیەوە، کە لەسەر "بیروڕای ئاینی لەگەڵیدا ناگونجێت"، بە شەش فیشەک کوژرا.

ئەو گەنجەی خواناسی " تیرۆر" کرد به‌ ناوی (ه، ک) لای هێزە ئەمنییەکان ناسراوە و بە بەرچاوی خەڵکەوە تاوانەکەی ئەنجامداوە و پیشەی پێشمەرگە بووه‌.
 
2024-04-29
زیاتر...