عێڕاق

ئاگربەستی میلیشیا شیعەکانی عێراق کۆتایهات و هێرش بۆسەر ئەمریکا دەستیپێکردەوە


کەتیبەکانی حیزبوڵا لە عێراق رایانگەیاند، گرووپە چەکدارەکانی عێراق بڕیاریانداوە هێرشەکان بۆ هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەستپێدەکەنەوە، ئەوەش دوای ئەوەی لە مانگی شوباتەوە ئەو گرووپە چەکدارانە هێرشەکانیان بەشێوەیەکی کاتی وەستاندبوو.

ئەو کەتیبانە ئاماژەیان بەوەشداوە، هێرشەکەی شەوی 21ـی ئەم مانگە کە بە چەند مووشەکێک لە عێراقەوە هێرشکرایەسەر بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا لە حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان "تەنیا دەستپێکە".

لەبارەی هێرشەکەوە بەرپرسێکی ئەمریکی رایگەیاند، سەربازێکی سەربە هاوپەیمانان بۆ بەرگریکردن له خۆی مووشەکهەڵگرێکی لە بنکەیەکی سەربە هێزەکانی ئەمریکا لە حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، تێکشکاندووە و راشیگەیاند، لەو هێرشەدا هیچ سەربازێکی ئەمریکی بریندار نەبووە، جگەلەوەی ئەو ئۆتۆمبێلەش دۆزراوەتەوە کە مووشەکەکەی لێوە هەڵدراوە.

روانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، دەنگی تەقینەوە لە بنکەی (خەراب جیر) لە دەرووبەری حەسەکە بیستراوە کە لەو ناوچەیەدا بنکەی هێزەکانی ئەمریکا بوونی هەیە، روانگەکە دەشڵێت، ئەو مووشەکانە لەلایەن مقاوەمەی ئیسلامی پاڵپشتیکراو لەلایەن ئێرانەوە هەڵدراوە و هێشتا باس لە زیانی گیانی نەکراوە. سەرەڕای ئەوەی ئاژانسی رۆیتەرز دەڵێت، هێرشەکە بە پێنج مووشەک لە شارەدێی زومارەوە بە ئاڕاستەی ئەو بنکەیە هەڵدراوە.

لای خۆیەوە هێزەکانی عێراق رایانگەیاندووە، ئەوان دەستیانکردووە بە لێکۆڵینەوە و گەڕانی بەرفراوانیان لە هێرشەکە دەستپێکردووە، ئەوەش بە ئامانجی دۆزینەوەی بکەرانی هێرشەکە لە پارێزگای نەینەوا. 
2024-04-22
زیاتر...