عێڕاق

كاندیدەكەی حەلبووسی دەستی لەكاركێشایەوە

نها نیوز - هەواڵەکان

شەعلان کرەیم، کاندیدی پێشووی حەلبووسی دەستی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کێشایەوە و دەڵێت "وەک کاندیدێکی سەربەخۆ کارەکانی خۆم دەکەم".

شەعلان كرەیم، سەرۆكی فراكسیۆنی تەقدوم لە پەرلەمانی عێراق و كاندیدی پێشووی ئەو حزبە بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، لە بەیاننامەیەكدا كشانەوەی كاندیدبوونی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان و جیابوونەوە حزبی تەقدوم بە سەرۆكایەتی محەمەد حەلبووسی سەرۆكی لەكارلادراوی پەرلەمانی عێراق راگەیاند.

شەعلان لە بەیاننامەکەدا نوسیویشیەتی "دوای لەكارخستنی حەلبووسی بە بڕیاڕی دادگای فیدراڵی توانیم (152) دەنگ بەدەستبهێنم، بەڵام بەهۆی ناڕەزایی پەرلەمانتارانی شیعە لە بڵاوبوونەوەی گرتەیەكی ڤیدیۆییم، كە تیایدا ستایشی سەدام حسێن سەرۆكی رژێمی پێشوی عێراق دەکەم كێشەیان بۆ پرۆسەی كاندیدكردنەكەم دروستكرد، رێگەیان نەدا گەڕی دووەمی هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت و سكاڵایان لەسەر كاندیدبوونم تۆماركرد.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشکرد "سەرەڕای بڕیارەكەی دادگا بە دروستی كاندیدبوونم بەهۆی ئەو هەرا بێ پاساوەی پاڵشت بە ستەم و بوهتان و ناپاكی نزیكەكان و بۆ دوركەوتنەوە لەو مشتومڕەی دروستبووە، بڕیارمداوە لە كاندیدبوونم بۆ پۆستی سەرۆكایەتی پەرلەمان بكشێمەوە.

هەر بەگوێرەی بەیاننامەکە، ناوبراوببریاریداوە کە واز لەكاری حزبایەتی بهێنێت و وەك پەرلەمانتارێكی سەربەخۆ تاكۆتایی ئەم خولە كاری خۆی بكات لە پەرلەمانی عێراق.

هاوكات شەعلان کرەیم داواشی لە پەرلەمانتاران كردووە دانیشتنێكی بەپەلە رێكبخەن و سەرۆكێكی نوێ‌ بۆ پەرلەمانی عێراق هەڵبژێرن.

ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی 14ی کانونی یەکەمی 2023 دادگای فیدڕاڵی عێراق بڕیاریدا بەهەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەپەرلەمان و دوورخستنەوەی ناوبراو.

ئ.ز
2024-04-18
زیاتر...