کوردستان

پارتی هەڵبژاردن بۆ مانگی 10 دوادەخات و یەکێتیش سورە لەسەر ئەنجامدانی

نها نیوز – هەواڵەکان

وێڕای لێدوانەکەی نوری مالیکی لەبارەی دەنگۆی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم بۆ 10ی مانگی ئەمساڵ، بەڵام یەکێتی سورە لەسەر ئەنجامدانی لەکاتی خۆیدا و ڕاوێژکارێکی بافڵ تاڵەبانیش ئاشکرای دەکات 'هیچ دیدارێکمان تایبەت بە دواخستنی هەڵبژاردن ئەنجامنەداوە و بەشدارینەکردنی پارتیش بە ڕێگری کردن لەبەردەم ئەنجامدانی پرۆسەکەدا ناودەبەم".
بێستون فایەق، ڕاوێژکاری بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان سوربوونی حزبەکەی لەسەر پەیوەست بوون بە کاتی هەڵبژاردن دووپاتدەکاتەوە و بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت "یەکێتی لەگەڵ ئەوەیە لەو وادەیەی بۆی دیاریکراوە هەڵبژاردن بکرێت، کاندیدەکانیشی بەشێوەی نافەرمی خەریکی بانگەشەی خۆیانن، وە بە هیچ جۆرێک لەگەڵ دواکەوتنی هەڵبژاردن نییە، سەرۆکی یەکیتی پێیوایە بەپێی ئەوکاتەی سەرۆکایەتی هەرێم دایناوە هەڵبژاردن بکرێت.

سەبارەت بە دواخستنی هەڵبژاردنیش لەلایەن پارتییەوە بۆ مانگی 10، بێستون فایەق ئاشکراشیی دەکات "بیانووەکان بیانووی بەجێ نین بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، بەڵکو شەڕفرۆشتنن یان هەوڵی ڕێگریکردنن، ئەگەر نا بیانووەکان لابەلان. پارتی بە تەنها نەیوتووە بەشداری ناکەم لە هەڵبژاردن، بەشداری نەکردنی پارتی واتە ڕێگریکردن لە هەڵبژاردن، وای ئەبینم ئەوەی پارتی هەوڵێکە بۆ ڕێگریکردن نەک نەکردنی هەڵبژاردن، چونکە بەم بڕیارە ڕێگری بۆ هەڵبژاردن دروستدەکات.

بەگوێرەی ڕاگەیێندراوێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، کە ڕۆژی 27ی مانگی نیسان بڵاویکردەوە تیایدا، لە دیدارەکاندا نێچیرڤان بارزانی باسی "بودجه‌ و شایسته‌ دارایییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان، پشتیوانی له‌ جێیه‌جێکردنی ڕێککه‌وتنه‌ سیاسییه‌کان و کارنامه‌ی حکوومه‌تی عێراقی فیدراڵ، دۆخى هه‌رێمى كوردستان و هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان" و چەندین بابەتی تری تاوتوێ کردووە.

لەوبارەیەوە د. ڤیان سەبری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "هەڵبژاردن یەکێک بوو لە تەوەرە گرنگەکان بە نسبەت هەرێمەوە. پێویستە ئەم بابەتە چارەسەر بکرێت، ئێمە تێبینیمان هەیە لەسەر یاسای هەڵبژاردن بازنەکان و پێکهاتەکان و هەڵەبجە، نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری 400 هەزار کەس، ئێمە پێمانوایە دەستێک هەیە لە پشت لە ئاڕاستەکردنی هەڵبژاردن بەم شێوەیە، ئێستا ئەو بابەتە لە کۆبوونەوەی ئیتیلافی دەوڵەت باسکرا، چونکە بەشدارنابین بەم شێوازە.

د.ڤیان سەبری وتیشی "دەبێت ئەو پێنج خاڵە یاکلابکرێنەوە، هەندێک بابەتی تایبەت باسکران بۆ نموونە پرسی پەنجەمۆرەکان، بەڵام بابەتەکانی تریش دەبێت یەکلا بکرینەوە بەتایبەت لەنێوان لایەنە سیاسیە کوردیەکان، دانوستان لەگەڵ عێراق دەبێت هەبێت، دەرەنجامیش دەبێت هەبێت، دەرەنجامەکە ئەوەیە بەم شێوازە نابێت هەڵبژاردن بکرێت".

رۆژی 28-4-2024 نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، دوای بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەت کە سەرۆکی هەرێمیش ئامادەی بوو ڕایگەیاند "ئێمە لە ئیدارەی دەوڵەت باسی بابەتی هەڵبژاردنی هەرێممان نەكردووە، بەڵام گوێمان لێبووە، سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان هەڵبژاردن دوادەخات بۆ مانگی 10، ئەمە بابەتێكی تەكنیكییە و لە دەسەڵاتی هەرێمدایە وادەی هەڵبژاردن دیاریبكات و كۆمسیۆنیش پەیوەستدەبێت.


بەپێی مەرسوومی سەرۆکایەتی هەرێم وا بڕیارە 10ی مانگی شەش هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان ئەنجامبدرێت. کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش دەڵێت "ئامادەکاریەکان بۆ ئەو مەبەستە کراون و لایەنە سیاسیەکان ناوی لیست و کاندیدەکانیان پێشکەش بە کۆمسیۆن کردووە، بەڵام تائێستا پارتی سورە لەسەر بایکۆتکردنی پرۆسەکە، ئەوەش دوای بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق بە گۆڕینی یاسای هەڵبژاردنەکان و لابردنی کورسی کۆتاکان.

ئ.ز
 
2024-04-29
زیاتر...