کوردستان

ئەو شۆفێرە دەستگیرکرا کە بوەهۆی وەرگەڕانی مینی پاسەکەی گەرمیان

نها نیوز – هەواڵەکان

وتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان رایگەیاند، شەوى رابردوو ئەو شۆفێرەیان دەستگیرکردووە "کە هۆکارى وەرگەڕانى ئەو مینى پاسەى قوتابیان بوو" کە دوێنێ لە رێگاى کەلار بۆ کفرى وەرگەڕا.

سامان عەلى، وتەبێژی ھاتووچۆی گەرمیان وتی "شەوی رابردوو بەفەرمانی دادوەر ئەو شۆفێرە دەستگیرکرا، کە ھۆکاری وەرگەڕانی مینی پاسەکەی دوێنێی خوێندکاران بوو.

بە وتەى سامان عەلى، دەستگیرکردنى ئەو شۆفێرە لەسەر سکاڵاى بەشى پۆلیسى نەخۆشخانە بووە.

سەبارەت بە هۆکاری وەرگەڕانی مینی پاسەکە، وتەبێژەکەی هاتووچۆى گەرمیان باسی لەوەشکرد "بەپێى لێدوانى شایەتحاڵەکان بێت کە بریندارن یان ئەو مینى پاسەى لە دوایانەوە بووە، ئەو ئۆتۆمبێلە چەند جارێک دەستى شکاندووەتە سەر مینى پاسەکە.

ناوبراو وتیشی "وەک هاتووچۆ لێکۆڵینەوەکان بەردەوامى پێدەدەن، بەڵام تائێستا نەگەیشتوون بە ئەنجام کە چ شتێک هۆکارى رووداوەکە بووە.

سامان عەلی ئاشکراشیکرد "شۆفێرى مینى پاسەکە لە سلێمانیی لەژێر چاودێرى چڕدایە و دۆخى تەندروستى ناجێگیرە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، دوێنێ سێشەممە لەسەر رێگاى کەلار - کفرى مینى پاسێک کە ژمارەیەک قوتابى قوتابخانەیەکى کەلارى هەڵگرتبوو وەرگەڕا و بەهۆیەوە چوار قوتابى کچ گیانیان لەدەستدا و مامۆستایەک و شۆفێرى مینى پاسەکە و پێنج قوتابى دیکە بریندار بوون.

ئ.ز
 
2024-05-15
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.