هەواڵ

نھا دوا زانیاری لە بارەی کاندیدی یەکێتی بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک ئاشکرا دەکات

ئاژانسی نھا: ژووری ھەواڵ

بەرپرسێکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە کەرکوک ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکاتەوە کە باس لە کاندیدکردنی خالید شوانی دەەکەن بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک و دەشڵێت "ئەگەر بگەینە ئەو قۆناغە خەڵک زۆرە بۆ ئەو پۆستە".

ڕەوەند مەلا مەحمود، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی یەکێتی لە کەرکوک بە ئاژانسی نھا-ی ڕاگەیاند " لە ڕابردوودا یەک جار لە ناو مەکتەبی سیاسی یەکێتیدا باس لە دیاریکردنی ڕزگار عەلی کرا بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک  و ئەویان پێباشبوو بۆ ئەو پۆستە".

وتیشی" بەڵام لە ئێستادا و بەمنزیکانە لە ناو یەکێتیدا بەھیچ شێوەیەک باس لە دیاریکردنی کەس نەکراوە بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک و یەکێتی سەرەتا دەیەوێت پرسەکە یەکلابکاتەوە".

بەرپرسەکەی یەکێتی ئاماژەی بەوەشدا " ئەوەی بەلای یەکێتیەوە گرنگە ئەوەیە پۆستەکە بۆ کورد بێت و لە ناو کوردیشدا بۆ یەکێتی بێت و بە مافی خۆمانی دەزانین، بۆیە ئەگەر بگەینە ئەو قۆناغە ئەوا کێشە لەسەر دیاریکردنی کەسێک بۆ ئەو پۆستە دروست نابێت و لە ناو یەکێدا خەڵکی شیاو و بەتوانا زۆرن بۆ ئەو پۆستە".

ئەمەش لە دوای ئەوە دێت لە چەند رۆژی ڕابردوودا لە میدیاکانەوە باس لەوە دەکرا یەکێتی نیشتیمانی خاید شوانی ئەندامی سەرکردایەتی حزبەکەی بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک دیاریکردووە.

2019-01-25
زیاتر...