قوباد تاڵەبانی لەسەر هێرشەکەی کۆرمۆر هاتەدەنگ و کۆماندۆ جوڵەی پێکرا
ئێوارەى ئەمڕۆ بە فڕۆکەى بێفڕۆکەوان هێرشکرایە سەر کێڵگەى غازى کۆرمۆر و قوربانى لێکەوتەوە و بەرهەمهێنانى غاز ڕایگرا، لە ئێستادا هێزێکى کۆماندۆى یەکێتى ڕەوانەى کێڵگەکە کراوە و قوباند تاڵەبانیش داوا لە حکومەتی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم دەکات، دەستبەجێ لێکۆڵینەوەی ورد دەست پێ بکەن.
لە ڕێگەى دوو فڕۆکەى بێفڕۆکەوانەوە، ئێوارەى ئەمڕۆ هێرشکرایە سەر کێڵگەى غازى کۆرمۆر لە سنورى ناحەى قادرکەرەم لە قەزاى چەمچەماڵ و زیانى گیانى و ماندى بەدواى خۆیدا هێنا.
لەسەر هێرشەکە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانى هەرێم ڕایگەیاند، بە توندی ئەو هێرشە درۆنییەی کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر ئیدانە دەکەم و خەمبار بووم بەگیانلەدەستدان و برینداربوونی چەند کارمەندێک لەئاکامی هێرشەکەدا.
جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێم داوا لە حکومەتی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم دەکات، دەستبەجێ لێکۆڵینەوەی ورد دەست پێ بکەن و ڕێکاری جدی بگرنەبەر بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە هێرشانە کەتیایدا هاوڵاتیانی مەدەنی دەبنە قوربانی و خەڵکی کوردستان بەگشتی زیانمەندی سەرەکی دەبن.
لەلایەکى ترەوە، میدیاى یەکێتى بڵاویکردەوە، هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان بۆ وەڵامدانەوەی هەر ئەگەرێکی دیکەی هێرشکردنەسەر کێڵگەی کۆرمۆر رەوانەی کێڵگەکە کران.
|