کوردستان

هه‌واڵێكى گرنگ له‌ باره‌ى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌

نها نیوز ـ هه‌واڵه‌كان

به‌ پێى ئه‌و زانیاریانه‌ى وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێم ئاشکرایکرد، بڕیاردراوه‌ چوار به‌نداوى ستراتیژى له‌ هه‌رێمى كوردستان دروستبكرێن، راشیده‌گه‌یه‌نێت، "ئه‌و بابه‌ته‌م له‌ گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراقیش باسكرد".

بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێم ئاشكرایكر، لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی سێ خاڵی گرنگیان کردووە کە پەیوەندییان بە  وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی کوردستان بووە هاوشێوەی جووتیارانی ناوچەکانی دیکەی عێراق، لەگەڵ دروستکردنی چوار بەنداوی ستراتیژی کە کاریگەرییان دەبێت لەسەر ئاسایشی ئاو وەکو کۆگاکردنی ئاوی هەموو عێراق، هاوکات پاڵپشتی کردنی جووتیارانی کوردستان هاوشێوەی ئەو پشتیوانییەی لە جووتیارانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێت.

وتیشى:"ساڵانە وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی عێراق بە نادادپەروەری رێژەی گەنمی جووتیارانی کوردستانیان وەردەگرت، دەڵێت کە داوایان لە ئێمە کرد رووبەری زەوی بە گەنم چێندراویان بۆ بنێرین، ئێمەش بە داتا سەتەلایت رووپێویمان بۆ ئەو زەویانە کرد کە ئەمساڵ چێندراون و رووبەرەکەی دوو ملیۆن و 955 هەزار دۆنمە".

به‌ وته‌ى بێگه‌رد تاڵه‌بانى:"سەرۆک وەزیرانی عێراق تیمی تەکنیکی هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵی ڕاسپارد کۆببنەوە، لە کۆبوونەوەکەش  دیکۆمێنتەکانمان لەبارەی گەنمی جووتیارانی کوردستان پێشکەشکرد، هەرچەند بەغدا دەڵێت توانای سایلۆکانمان بۆ وەرگرتنی گەنم سنووردارە".

ئه‌وه‌شى وت:"ئەگەر عێراق نەتیوانی هەموو گەنمی جووتیارانی کوردستان وەرگرێت، دوو کۆمپانیای تایبەت بە دانەوێڵە لە هەرێم سایلۆی تایبەت دروستدەکەن، لیژنەیەک لە دەستەی وەبەرهێنان کە سەرۆکی  دەستەی وەبەرهێنان سەرۆکایەتی دەکات و نوێنەری وەزارەتە پەیوەندیدارەکان تێیدا ئەندامن، بڕیار لەسەر بەبازاڕکردن و نرخ و رێژەی گەنمی جووتیاران دەدەن".

سه‌باره‌ت به‌ دروستکردنی چوار بەنداوی ستراتیژی لە هەرێم، دۆسیەیەکیان داوەتە سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەگەڵ ئەوەش راپۆرتێک لە وەزارەتی پلاندانی عێراق بۆ وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو نێردراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی دروستکردنی بەنداوەکان دەستپێبکات.

جه‌ختده‌كاته‌وه‌:"ئێمە داوامان لە سەرۆک وەزیران کرد بڕیاربدات لەسەر خێرا جێبەجێکردنی رێکارەکانی دروستکردنی ئەو بەنداوانە لە کوردستان، بۆیە بڕیاریدا رێکارەکانی خێرا بکرێت، سەرباری ئەوەش، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ چاککردنەوەی بەنداوەکانی دهۆک، دووکان، دەربەندیخان و بەنداوە بچووکەکان، بڕیاریدا کاری جدیی بکات".

2024-05-06
زیاتر...