ئابوری

وتەبێژی دارایی هەرێم: لای ئێمەش جێگەی سەرسوڕمانە بۆ عێراق مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم نانێرێت

نها نیوز - هەواڵەکان

وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم ڕایدەگەیەنێت، حکومەتی هەرێم هەموو مەرجەکانی عێراقی بۆ دابینکردنی مووچەی مانگی چوار دابینکردووە و "جێگەی سەرسوڕمانە" بۆچی حکومەتی عێراق هەتا ئەمڕۆ پارەی دابیننەکردووە.

هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "ئەوەی داواکاری عێراق بوو لە کوردستان، کوردستان هەمووی جێبەجێکرد هەر لە لیستی ناوی چواری تا لیستی هێزە ئەمنیەکان کە ڕێککەوتنی لەسەرکرا و بە کۆد نێردرا بۆ بەغدا، ئیدی نازانین عێراق چی دەوێت لە کوردستان و جێگای پرسیارە. گەر ئەمە بابەتێکی سیاسی نەبێت بۆ دواکەوتنی مووچە چی لێکدانەوەیەکی دیکەی بۆ دەکرێت؟".

وتەبێژەکەی وەزارەتی دارایی هەرێم ئاشکراشیکرد "بۆ مانگی چوار دوو ڕێکار هەبوو ئێمە هەردووکیمان گرتەبەر: یەکەم، ناردنی لیستی مووچە، دووەم تەرازووی پێداچوونەوە.

وتیشی "ئێمە دوو هەفتە لە مەوبەر هەموو ئەم داواکاریانەمان ناردووە، بەڵام بەداخەوە ئەوەی لای ئێمە جێگای سەرسوڕمانە ئێستا عێراق موبەریری چیە کە مووچەی فەرمانبەرانی دواخستووە لەکاتێکدا ئەبینین کە لەوێ سنورەکانی دەسەڵاتی حکومەتی عێراق مووچە دراوە و کێشەی نەختینە نییە".

هونەر جەمال دەشڵێت "لیستی مووچەمان ناردووە و وردبینی کراوە، ئیدی بیانووی چییان هەیە نازانین. بۆیە نابێت مووچە ببەسترێتەوە بە هیچ کێشەیەکی دیکەوە، ئێمە لەسەرووی هەموو کێشەکانەوە دەرگامان کرایەوە لە مەسەلەی داهاتی ناوخۆ و توومانە، فەرموون بەسەرچاو هەرچی داهاتی فیدراڵی هەیە ئامادەین ڕادەستی بکەین لە مەسەلەی تەوتینن ئەوە (هەژماری من)مان هەیە هیچ گرفتێکی دروستنەکردووە و گرفتێکی تەکنیکی و یاسای لەسەر پرۆژەکە نیە. بەو هیوایەین مەبەستەکەیان تەنها بۆ ئەوە نەبێت بیانەوێت جارێکی تر کێشە بۆ مووچە دروستبکەن".

ئەمەش لەکاتێکدایە، بەپێی وتەی پەرلەمانتارێکی کورد لە پەرلەمانی عێراق بێت، محمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە وتویەتی "ئەگەر ئۆکەی تەوتینەکە دەستپێنەکات پارە نانێرم".

ئ.ز

 
2024-05-06
زیاتر...