کوردستان

هەواڵێکی دڵخۆشکەر لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان گەیشت


وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند، بەم نزیكانە هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەستپێدەكاتەوە و دەشڵێت: لەسەر میكانیزمی هەناردەكردنی نەوت لەگەڵ هەرێمی كوردستان ڕێككەوتن كراوە.

حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، لە بارەی دووبارە دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە، بۆ میدیا ناوخۆییەكان دەدوێت.

حەیان عەبدولغەنی ڕایگەیاند، لە مانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵدا لەسەر میكانیزمی هەناردەكردنەوەی نەوت لەگەڵ هەرێمی كوردستان ڕێككەوتن كراوە، بەم نزیكانە دەست بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە دەكرێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، نووسراوێكیان ئاراستەی هەرێمی كوردستان كردووە، كە نەوت ڕادەستی كۆمپانیای سۆمۆ بكات، هەروەها هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بە بۆری و لە ڕێگای بەندەری جەیهانەوە دەبێت.

بەهۆی بڕیارێكی دادگای ناوبژیوانی پاریسەوە، ماوەی زیاتر لە ساڵێكە، پرۆسەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە ڕاگیراوە، بەهۆی ئەوەی دەوڵەتی تورك بەبێ ڕەزامەندی بەغدا نەوتی هەرێمی كوردستانی فرۆشتووە.
2024-04-18
زیاتر...