کوردستان

مەسعود بارزانی بۆ یەکەمجار داوای دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات

مەسعود بارزانی لەبارەی وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند؛ دواخستنی هەڵبژاردن بۆ چەند مانگێك 'زۆر گرنگترە' لەوەی هەڵبژاردنێك بەڕێوەبچێت كە تێیدا مافی دەنگدەران و پێكهاتەكان پێشێل كرابێت.
  
مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 17ـی نیسانی 2024) لە هەولێر پێشوازیی لە تۆماس سیلەر، باڵیۆزی یەكێتیی ئەورووپا لە عێراق كرد، بابەتی سەرەکیی کۆبوونەوەکەشیان؛ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بوو.
 
بارەگای بارزانی رایگەیاند لە کۆبوونەوەکەدا بارزانی ئاماژەی بەوە داوە "هەندێك بەرەوپێشچوون هەیە لەوەی لایەنەكان پێكەوە كار لەسەر نەهێشتنی گیروگرفتەكان بكەن" لەبارەی هەڵبژاردن.
 
بارزانی جەختیشی کردەوە لەوەی "دواخستنی هەڵبژاردن بۆ چەند مانگێك، زۆر گرنگترە لەوەی هەڵبژاردنێك بەڕێوەبچێت كە تێیدا مافی دەنگدەران و پێكهاتەكان پێشێل كرابێت."
 
لەبەرامبەردا باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا بەپێی بارەگای بارزانی لە کۆبوونەوەکەدا گوتوویەتی، "یەكێتیی ئەورووپا و نەتەوە یەكگرتووەكان لەسەر ئەوە هاوڕان؛ هەڵبژاردن بە بێ بەشداریی حیزبێكی گەورەی وەك پارتی، دیموكراتیانە و سەركەوتوو نابێت."
2024-04-17
زیاتر...