هەمەڕەنگ

توێژینەوەیەك: ئەو کەسانەی بە شیری دایکیان گەورەکراون زیاتر پارە پەیدا دەکەن

توێژینەوەیەکی نوێ ئاشکرایکردووە، ئەو کەسانەی کە شیری سروشتییان پێدەدرێت لە پاش گەورەبوون پارەیەکی زیاتر پەیدا دەکەن و قازانجیان زۆرە.

ماڵپەڕی "ڕوسیا تودەی" بڵاویکردەوە، ئەو توێژینەوەیە کە نزیکی نۆ هەزار کەسی لەخۆ گرتووە کە لە قۆناغی منداڵیدا شیری سروشتییان پێدراوە ئاشکرایکرد، ئەم کەسانە قازانجی ماددی بە ڕاددەی %١٠ زیاتر دەکەن کاتێك لە تەمەنی ٥٠ ساڵیدا دەبن.

ئەو توێژینەوەیە کە لە زانکۆی کوینز بلفاست ئەنجامدراوە ئاماژەی بەوەداوە، گرنگیدان بە پڕۆگرامی تایبەت بۆ پێدانی شیری سروشتی بەمنداڵ سوودی دەبێت بۆ داهاتووی.

زانایان لەو بڕوایەدان شیری سروشتی کاریگەری هەیە لەسەر گەشەی میشك و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی هەستیاری وتووشبوون بە نەخۆشی.

لەو بارەیەوە د.مارك ماکگفرن یەکێك لە ئەنجامدەرانی توێژینەوەکە دەڵێت: توێژینەوەکەمان دەریدەخات کە شیردانی سروشتی بەدرێژایی تەمەن کاریگەری لەسەر ئابووری دەبێت.

ماکگفرۆن ڕوونیکردووەتەوە، ئەگەر ژمارەی ئەو منداڵانە زۆربن کە شیری سروشتییان پێدراوە، ئەوا ئەگەری هەیە ئابووری زیاتر گەشە بسێنێت، چونکە ئەم کەسانە بەهۆی باشی تەندروستییان و توانا مێشکییەکانیان قازانجیان زیاتر دەبێت.

توێژینەوەکە هەردوو (ئەکادیمیای زانکۆی لەندەن و کۆلێژی کاس بۆ بەڕێوبەرایەتی کار لە زانکۆی لەندەن)ی لەخۆگرتووە، داتای لەسەر کۆمەڵێك منداڵ وەرگرتووە کە لە ساڵی ١٩٥٨ەوە تۆمارکراون و بەدرێژایی تەمەنیان بەردەوام لەژێرچاودێریدابوون.

هەر بەو هۆیەشەوە ڕێکخراوی تەندروستی نیشتمانی پێشنیار دەکات بۆ ژنان کە شیری خۆیان بدەن بە منداڵەکانیان بەلایەنی کەمەوە تا تەمەنیان دەگات بە شەش مانگ، دواتر خواردنی دیکەشیان پێبدەن.
2019-05-01
زیاتر...