هەمەڕەنگ

چۆن خۆمان لە نەخۆشییەکانی سەرمای زۆر بپارێزین؟


گەرماى زۆر و سەرمای زۆر کاریگەری خراپی لەسەر تەندروستیی مرۆڤ هەیە، گرتنەبەرى چەند ڕێوشوێنێک گرنگە بۆ خۆپاراستن لە مەترسییەکانى سەرما بۆ سەر تەندروستی لەشی مرۆڤ.

ژوور گەرمکردن
دەبێت ئاگاداری کەشوهەوای ژوورەکە بیتت، بەتایبەت لە ڕۆژگارى ئەمڕۆماندا کە زۆربەى ماڵان دەرگا و پەنجەرەیان (پی ڤى سی) یان ئەلەمنیۆمە، کە کەپسن و بەتەواوى ڕێگە لە هەواگۆڕکێ دەگرن، هەر وەک گرنگە ئاگامان لەوەبێت بەهۆى زۆر گەرمکردنەوە، کەشی ژوورەکە وشک نەبێت، کە ئەمەش کێشەى هەناسەدان دروستدەکات و دانانى کترییەکی ئاو لەسەر سۆپا شێدارکەرەوەیەکى باشە.

لەبەرکردنی جلوبەرگ
لەوەدا بەهەڵەدا دەچین کە پێمانوابێت، خۆ باش داپۆشین تەنها بە لەبەرکردنى جلی ئەستوورە، دەبێت چەند گرنگى بە جل پۆشین دەدەین، ئەوەندەش گرنگى بە دەستکێش، کڵاو، لەچک، ملپێچ  و گۆرەویی ئەستوور بدەین.

 هەڵامەت بەهۆى سەرماوە نییە، بەهۆى ڤایرۆسەوەیە، بەڵام لەبەرئەوەى سەرما ڕۆڵی هەیە لە دابەزینى بەرگریی لەش و دەشبێتەهۆى ئەوەى خەڵکى زیاتر تێکەڵی یەک ببن و لە دەورى سۆپا کۆببنەوە، ئەگەرى بڵاوبوونەوەى هەڵامەت و زۆرێک لە نەخۆشییە گوازراوەکانى تر زیاترە، بۆیە دەبێت گرنگی زیاتر بە هۆکانى پاکوخاوێنى وەک دەست شوشتن و هەواگۆڕکێی ژوور بدرێت.


زۆر ئاگامان لەو کەسانە بێت کە هەست بە سەرما بوون ناکەن، بەتایبەت منداڵ و بەساڵاچووان و ئەوانەى نەخۆشیی درێژخایەنی وەک شەکرەیان هەیە، بۆیە زوو تووشی دابەزینى گەرمى لەش دەبن، کە ئەمەش هەڕەشەیەکى توند لەسەر تەندروستییان دروستدەکات، ئەمەش کاتێک ڕوودەدات کە پلەى گەرمیی لەش بگاتە 35 پلەى سەدی بۆ خوارەوە، واتە دابەزینى تەنها دوو پلەى سەدى بەسە بۆ خستنەوەى ئەو هەڕەشە گەورەیە! باوترین نیشانەکانى ئەو حاڵەتە بریتین لە: لەش ساردى، لەرز لێهاتن، هۆش تێکچوون، لەکاتى بوونى ئەم نیشانانەدا، دەبێت زوو بگەیەنرێتە نەخۆشخانە.

چەند ئاگامان لە بەساڵاچووەکانمان بێت کەمە، توێژینەوە زاستییەکانیان ئەوەیان دەرخستووە کە دابەزینى هەر پلەیەک لە گەرمى، مردنى بەساڵاچووان بە 1% زیاد دەکات!.

هەندێک نەخۆشی هەن بە سەرما و هەواى سارد توندتر دەبن، بەتایبەت سینگەکوژێ و ڕەبوو و فشار بەرزیی خوێن، بۆیە ئەو نەخۆشانە دەبێت زیاتر ئاگایان لەخۆیان بێت، کە لە دەرەوەى ماڵیش بوون خۆیان زۆر ماندوو نەکەن، چونکە ئەمیش توندکەرێکى تری نەخۆشییەکەیانە.

سەرما دەبێتەهۆى ئەوەى خوێن کەم بۆ پێست بچێت، بەمەش وشک دەبێت و دەقڵیشێت، بەکارهێنانى کرێمى شێدارکەرەوە زۆر گرنگە.

ئەگەر زیاد لە کەسانى هاوتەمەن و ڕەگەزت هەستت بە سەرما کرد، واباشە سەردانی پزیشک بکەیت، چونکە دەشێت ئەمە نیشانەیەک بێت لە نەخۆشییەکانى کەمخوێنی، سستیی غوددەى دەرەقی، شەکرە.
2020-02-10
زیاتر...