هەمەڕەنگ

هۆکار و لێکەوتەکانی 31ی ئاب بزانە؛ چی روویدا؟

نها نیوز - هەواڵەکان

لە مێژووی تێکۆشانی نوێی باشوری کوردستاندا، رووداو گەلێک هەن پەڕە رەشەکانی مێژوویان داگیرکردووە، 31ی ئابیش یەکێکە لەو مێژووەی ئەگەرچی وەک پێویست هەڵوەستەی لەسەر نەکرابێت، بەڵام بووەتە تەوژمێکی نەفرەتلێکراو و هەتا ئێستاش ئاسمانی کوردستانی بەرنەداوە.

26 ساڵ لەمەوبەر پارتی، بۆ دەرکردنی هێزی یەکێتی پەنای بۆ رژێمی بەعسی عێراقیی برد و کاروانی دەبابەکانی بەعسی بردە ناوجەرگەی هەولێر، ئەو ڕووداوە هەتا ئەمڕۆش بە یەکێک لە خیانەتە گەورەکانی دەسەڵاتی کوردیی بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆیان و یەکلاکردنەوەی ململانێکانیان دادەنرێت، کە لە ئاکامی خیانەتەکەدا هەزاران کەس کوژران و برینداربوون و ناچاربوون ماڵ و حاڵیان بەجێبهێڵن.

ساڵی 1991 گەلی باشووری کوردستان راپەڕینی دژ بە رژێمی بەعس ئەنجامدا و بەشێکی گەورەی خاکی باشووری کوردستان لەدەستی رژێمی بەعس ئازادکرد و بۆ جاری یەکەم دەروازەکانی ئازادییان بۆ کرایەوە، ئەوە بووە لاپەڕەیەکی پرشنگدار لە مێژووی کوردستاندا. بەڵام ئەو خۆشحاڵییە زۆری نەخایاند و شۆڕشگێڕەکانی دوێنێ و دەسەڵاتدارەکانی ئەو رۆژانە، لەسەر ڕێککنەکەوتنیان بۆ دابەشکردنی دەستکەوتەکانی شۆڕش و ڕاپەڕین، زەنگی شەڕی ناوخۆیان لێدا و جارێکی دیکە نەک تەنها خەڵکی باشووری کوردستانیان دووچاری نەهامەتیی کرد، بەڵکو بوونە مەترسیی بۆ لەباربردنی ئەو دەستکەوتانەی، کە سەدان هەزار قوربانیی بۆ درابوو.

هەر لەوبارەیەوە مەكتەبی سیاسیی یەكێتی پەیامێكی بەبۆنەی ساڵیادی 31ی ئاب بڵاوكردەوە، ئەمەش دەقەکەیەتی:

پەیامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە بۆنەی 28 ساڵەی یادەوەری تاڵی خیانەتی 31ی ئاب

28 ساڵی تەواو بەسەر خیانەتی 31ی ئاب، کارەساتی هەرە گەورەی ژیانی سیاسیی گەلەکەمان تێپەڕدەبێت کە پەلاماردانی سوپای فاشستی بەعس بوو بۆ سەر هەولێری پایتەختی کوردستان، لەسەر بانگهێشتی ڕەسمی پارتی دیموکراتی کوردستان‌و لەپێناو سەپاندنی باڵانسێکی ناڕەوا.

لەناو پرۆسەی سیاسیی وڵاتەکەماندا، کە دەکرا لەجیاتی سەپاندنی خیانەت‌و سەپاندنی هەژموونی نانیشتمانیی‌و نا نەتەوەیی، بەبانگەوازی کوردانەو پەرۆشییەکی ئاشتیخوازانەوە ناکۆکی ناوخۆیی چارەسەرکراباو خوێن‌و خەمێکی زۆر بۆ گەلی کوردستان‌و ناوبانگی نێودەوڵەتی ئەزموونەکەمان کە لەسەرەتای دروستبوون‌و پێکهاتندا بوو، بگێردرابایەوە.

دەرەنجامی ئەو خیانەتە هەر زیانگەیاندن بەیەکێتیی نیشتمانی کوردستان‌و هێزی پێشمەرگەو شەهیدو بریندارو ئاوارەکەوتنی سەدان تێکۆشەری یەکێتیییەکەمان‌و خەباتگێڕانی کوردستان نەبوو، هەر کوشتن‌و ڕاوەدوونانی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی دژی ڕژێمە دیکتاتۆرییەکەی سەددام نەبوو، بەڵکو برینێکی قووڵی لەجەستەی میللەتی جینۆساید دیدەو قوربانیدەری کورد دروستکرد کە دوای 28 ساڵیش هێشتا سارێژ نەبووەو پاشماوەو ئاسەواری سیاسیی‌و کۆمەڵایەتی‌و ئابووریی‌و بگرە کولتورییشی بەسەر هەرێمەکەمانەوە ماوە.

ماوەیەکی زۆریش ناوبانگ‌و ناوەڕۆکی ڕەوا‌و ئازادیخوازانەی کوردایەتی لەدونیا لەکەدار کرد، بەداخیشەوە سیاسەتە چەوتە دووبارەبۆوەکانی لێرەو لەوێی پارتی هەمیشە قەتماغەی برینی هاوینی خیانەت هەڵدەداتەوەو زامی پایتەختی داگیرکراوی ڕۆژە شوومەکەی 31ی ئابیش هەروا دەکولێنێتەوە.

لەم نزیکەی سێ دەیەدا میللەتی بەسەبرو دانبەخۆداگرتووی کوردستان‌و یەکێتی نیشتمانیش، لەبەر ئایندەی وڵاتەکەمان‌و بۆ فراوانکردنی دەرفەتی پێکەوەیی‌و تەبایی کوردستانیی، ئەم ڕۆژە ناخۆشەی کوردستانی بەهەڵسەنگاندنی مێژوو سپاردووەو لەبەر خاتری خوێنی شەهیدان، لەبەر ئارەق‌و ڕەنجی دەیان ساڵەی کوردایەتی، لەزۆر هەقی ڕەوای خۆی خۆشبووەو پەیامی ئاشتی‌و هەڵدانەوەی لاپەرەیەکی تازەی بەرزکردۆتەوە تا بەسیاسەت‌و دیالۆگی ئاشتیخوازانە ئەزموونەکەمان بەپایەداری بهێڵێتەوەو گەشەی پێبدات‌و سەرەڕای زامی قووڵی خیانەت بگاتە ئامانجەکانی، کەچی بەداخەوە پارتی، لەجێی پێداچوونەوە بەهەڵەکانی، لەجێی یارمەتی سارێژبوونی برین‌و ناسۆرییەکانی ڕابردوو، لەهەر دەرفەتێکی بچوکی ناکۆکی خۆماڵیدا خوێ بەبرینی نەتەوەو نیشتماندا دەکا.

پشتبەستوو بەباڵانسی ناڕەوای هێزو هەژموونی بەدەستهاتوو لەکەینوبەینەکانی دوای 31ی ئاب، گەرەکێتی مێزی خیانەت‌و ناپاکی بەسەر خەڵکی تردا قڵپ بکاتەوە، هەربۆیە گوتاری تەنگەتاوی سیاسیی‌و دیاردەی دزێوی تۆمەتبەشینەوەی گوایە خیانەت‌و تانەو تەشەری نەتەوەیی‌و نیشتمانیی، دەستکاری مێژوو و زەوتکردنی سەروەرییەکانی خەباتی هەمەلایەنەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان، بووه‌تە گوتاری زاڵ‌و بنێشتەخۆشەی سەر زمانی ناوەندی دەستڕۆیشتووی ئەو حزبە، کە ئەم دیاردە دزێوە هەم ڕێگه‌ی لەهەڵسەنگاندنێکی واقیعیانەی ڕووداوەکان گرتووەو هەمیش یارمەتی هیچ پەرۆشییەکی ئایندەیی نادات کە مەبەست لێی سپاردنی ڕابردووی تاریکی خیانەت بێت بەدواڕۆژێکی ڕووناک بۆ گەلەکەمان.

بۆ لاوانی داهاتووی کوردەواری...
لەم یادەوەرییە خەمناک‌و تاڵ‌و پڕ سوێیەدا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسۆنگەی ویژدانێکی زیندووی کوردانەوە، پشتبەستوو بەقەڵای قوربانییەکانی ڕابردووی بۆ ئازادی‌و بۆ ئاشتی کۆمەڵایەتی‌و بۆ دواڕۆژی نەوەکانی کوردستان، بانگەوازی خەباتێکی یەکێتیانەو بەرپرسانەو دیموکراتیانە دووپاتدەکاتەوە کە ڕووی لەئایندەی گەش، ڕووی لەجۆشدانەوەی خەباتی نوێباوی کوردایەتی بێت بەرەو ڕاستکردنەوەی ڕێرەوی حوکمڕانی، بەرەو گێڕانەوەی باڵانسی هێز لەکوردستان‌و بۆ لەقاودانی هەموو ئەو هەلومەرجە ناجۆرانەی بوونە باعیسی قۆرخکاریی‌و جیاکاریی و ستەمکاریی‌و ... بوونە مایەی بەتاڵکردنەوەی زۆر جومگەی ئەزموونەکەمان لەناوەڕۆکە نیشتمانیی‌و دیموکراتی‌و دادپەروەرییەکەی، کە سەرچاوەی ماکی ئەم هەموو ناجۆرییەش خیانەتی 31ی ئابە، بەتایبەتی لەسایەی فەرهەنگێکی بێ مۆڕاڵی دواکەتوودا کە تائێستاش ئەم شەرمەزارییە سیاسییە بەدەسکەوتی گوایە نەتەوەیی‌و نیشتمانی دەناسێنێ‌و بێشەرمانە داکۆکی لێدەکات‌و خۆی پێوە بادەدات.

لەیادی برینی 28 ساڵەی ئابدا...
با بەخەباتی بێوچانی مەدەنی‌و ئاشتیخوازیی‌و بەهەڵبژاردنی پاک‌و چاودێریکراوی عێراقی‌و نێودەوڵەتی، بەر بەم نەزیفە نەتەوەییە بگرین‌و ڕۆحی شەهیدەکانمان، بەتایبەتی شەهیدانی بەرەنگاری داگیرکردنی هەولێری پایتەخت، شادبکەین.

بۆ پێشەوە...
بەرەو ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی حوکمڕانی‌و گێڕانەوەی باڵانسی هێز لەکوردستان
مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
31ى ئابى 2024

2024-08-30
زیاتر...