هەمەڕەنگ

وێنە.. لە شارێکی روسیا ژیان لە ٦٠ پلەی گەرمی ژێر سفرەوەیە


دانیشتوانی شاری (یاکوتسک) لە ڕوسیا دادو بێدادیانە لە دەست سەرماو سۆڵەیەک کە هەموو مرۆڤ ناتوانێت بەرگەری بگرێت، شارەکە دەکەوێتە باکوری ڕۆژهەڵاتی ڕوسیاوە، زۆر نزیکە لە نیوەگۆی بەستەڵەکی باکورەوە.

ژمارەی دانیشتوانەکەی ٣٠٠ هەزار کەسە، لە وەرزی هاویندا بەهۆی سەردانی گەشتیارانەوە بەرزدەبێتەوە بۆ نزیکەی ٥٠٠ هەزار کەس و لەم کەشەی ئێستای زستاندا بەزۆری پلەی گەرما لە ٥٠ بۆ ٦٠ پلەی ژێر سفرەوەیە، بۆیە بە ساردترین شوێنی سەر گۆی زەوی دادەنرێت.

وەرزی زستان و سەرماو سۆڵە هەشت مانگ درێژە دەکێشێت، نزمترین پلەی گەرمی کە تیا تۆمارکراوە ٦٣ پلەی ژێر سفری سەدی بووە، بەرزترینیش لە هاویندا ٢٩ پلە بووە.


بەهۆی ئەوەی خاکەکەی هەمیشە بەستوویەتی هیچ جۆرە کشتوکاڵێکی تیا ناکرێت، بۆیە دانیشتوانەکەی بەزۆری پشت بە گۆشتی ماسی و ئاژەڵی ڕەنە دەبەستن و دووچاری هیچ بەدخۆراکیەکیش نابن.

هەڵگرتنی گۆشت و ماسی پێویستی بە بەفرگرە نییە و لە کەشوهەوایەی ئازادی شارەکەدا وەک لیژنە دار لەسەر یەک و بە تەنیشت یەکەوە دادەنرێن، چونکە هەمیشە بەستوویەتی، زۆرجار بەهۆیە پێکەوە لکانیان بەرهەمی گۆشت و ماسی، ناچارن بە کۆمەڵ بە کڕیارەکانی بفرۆشن، چونکە لێجیاکردنەوەیان لە کەشێکی وادا نەک ئاسان نییە بگرە ئەستەمە.

بازاڕەکەی بە بازاڕی بەستەڵەک ناسراوە، دوکاندارو خاوەن مارکێتەکان دەڵێن لەبەر ئەوەی بەزۆری لە دەرەوەن، ناچارن سێ پانتۆڵ بەسەر یەکەوە بپۆشن و پڵاوی ناو فەروو لباد لە پێ بکەن و بەردەوام خواردنەوەی گەرم بخۆنەوە بۆ ئەوەی بتوانن بەرگە بگرن، وەک خۆیان دەڵێن ئەو ڕۆژەی پلەی گەرما ٣٥ پلە لە ژێر سفرەوە بێت بۆ ئەوان ڕۆژێکی خۆش و بێ کێشەیە و فرۆشیان زۆرە، سەرما کارێکی کردووە هیچ کڕیارێک توانای مامەڵەی زۆری نییە و بە پەلە پێداویستییەکانی دەکڕێت و دەگەڕێتەوە.


بەهۆی بەفربارینی زۆر و بەستەڵەکەوە دانیشتوانەکەی ڕاگری زیاتر بۆ خانووەکانیان دادەنێن تا نەڕوخێن و شەختە وردوخاشیان نەکات، لە کاتی گەردەلولی بەفردا هەرکەسێک لە دەرەوە بێت یان بچێتە دەرەوە، بە دڵنیاییەوە مان و نەمانی لە مەترسیدا دەبێت، بۆیە بەر لە هاتنی هەر گەردەلوێکی بەفراوی دەسەڵاتداران بە تایبەت دانیشتوانەکەی ئاگادار دەکەنەوە.

سەرەڕای ئەوەی دانیشتوانەکەی توانیوانە لەگەڵ ئەو کەش و هەوایە ڕابێن، بەڵام ڕۆژانە کۆمەڵێک کێشە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، وەک ئەوەی لەبەر سەرما برژانگی چاویان و مەرەکەبی ناو قەڵەماکانیان دەیبەستێت، چاویلکەکانیان بە ڕوویانەوە دەلکێت، بە دەگمەن دەتوانن لە دەرەوەی ماڵەکانیان بە مۆبایل قسە بکەن، چونکە ڕاستەوخۆ باتریەکانی دەیبەستێت، هەندێک شەو بەهۆی سەرمای زۆرەوە ناچارن تا بەیانی ئیش بە تۆتۆمبێلەکانیان بکەن، چونکە ئەگەر کوژاندیانەوە ئەستەمە بەیانی کاری پێبکرێتەوە.


سەرباری ئەوەی بە دەگمەن شەقامەکان بە دەرەوەن بەڵام هەرگیز هاتوچۆ پەکی ناکەوێت و وەک لای ئێمە نییە هەمیشە وزەی کارەبای بەردەوام هەیە و کەس گلەیی نیە لەو بارەیەوە، لە وەرزی هاویندا دانیشتوانەکەی ناچارن لە ڕۆخی ڕوبارەکانی ناوچەکە پارچە سەهۆڵی شێوە شەش پاڵو کۆبکەنەوە و لە دەرەوەی ماڵەکانیان لەسەر یەک دانین، بۆ ئەوەی بتوانن لە وەرزی زستاندا بیتوێننەوە و بۆ ئاوی خواردنەوە بەکاری بهێنن، چونکە لەوەرزی زستاندا هەموو تۆرەکانی ئاو دەیبەستێت.

کاتێک کەسێکیان کۆچی دوایی دەکات سەرباری ئەو کۆستە، کاری بەخاکسپاردنەکەی سێ ڕۆژی پێ دەچێت، چونکە خاکەکە هەمووی بەستوویەتی، بۆیە دەبێت ماوەی سێ ڕۆژ خەڵوز لەسەر شوێنی گۆڕەکە بگەشێنرێتەوە تا زەویەکە خاو دەبێتەوە هەڵدەکەندرێت.

سەرباری ئەوە کەشوهەوا ساردە، پەیڕەوێکی کۆن لەناو دانیشتوانەکەیدا هەیە و لەناوەڕاستی وەرزی زستاندا دەچنە سەر ئاوی ڕوبارەکانی ناوچەکە بۆ مەلەکردن بۆ ئەوەی تەندروستیان باش بێت.

بەهۆی ئەو کەشە سەرنجڕاکێشەیەوە لە سەرانسەری جیهانەوە بە ژمارەیەکی دیاریکراو گەشتیار لە خودی ڕوسیا و چین و ئەوروپا و ژاپۆنەوە ڕووی تێدەکەن، خوێندن لە قوتابخانە و خوێندنگەکاندا ئاسایی بەڕێوە دەچن، تەنها لەو ڕۆژانەدا دەکرێتە پشوو کە پلەی گەرما بێتە ٦٠ پلەی ژێر سفرەوە، لەو کاتەشدا منداڵان دەبنە هۆڵی وەرزشی قوتابخانەکان بۆ وەرزشکردن و ڕاهێنان.


لە کاتی چوونە دەرەوەدا ئاساییە هەرشتێکت لە بیر بچێت، بەڵام دەستکێشەکانت نا، چونکە دوای چەند ساتێک دەستەکانت لە کار دەکەون و دووچاری لەناوچوونی پێست و شانەکان و لە دەستدانی هەستی بەرکەوتن دەبێتەوە و لە کۆتایشدا دەبێت ببڕدرێتەوە.

بۆ بە دەستهێنانی ڤیتامین دی (D) کە تیشکی خۆر بە سەرچاوەی سروشتی ڤیتامینەکان دادەنرێت، ناچار ماسی تونە دەخۆن، چونکە زۆربەی وەرزەکانی ساڵ بە دەگمەن خۆر بە دەرەوەیە.

سەرباری ئەوەی ناوچەکە بە ناوبانگە بە دەرهێنانی زێرو ئەڵماس، بەڵام وەک ناوچەکانی لای خۆمان خێرو بێرەکەی بۆ دەستەیەکە و دانیشتوانەکەی ناچارن پەنا بۆ قەرزی بانکی بەرن بۆ ئەوەی بتوانن پاڵتۆیەکی زستانە باش بکڕن، چونکە نرخی یەک پاڵتۆ بۆ بەرگەگرتنی ئەو سەرمایە دەگاتە هەزار و پێنجسە و پەنجا دۆلاری ئەمریکی (١٥٥٠)، ئەوەش لە توانای کڕینی ئەواندا نییە، چونک ناوەندی داهاتی تاک لە نێوان ٤٠٠ بۆ ٦٠٠ دۆلاردایە

2020-01-19
زیاتر...