عێڕاق

ئەمریكییەكان داوای مەرجی پێشوەختە بۆ سەردانەكەی سودانی دەكەن

نهانیوز- هەواڵەكان

ژمارەیەک سیناتۆر و ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا نامەیەکیان ئاڕاستەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا كرد و  داوا لە بایدن دەکەن داوای دەستبەجێ دەستپێکردنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە بکات. 
  
 هەشت کۆنگرێسمانی ئەمریکا (چوار ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران و چوار ئەندامی ئەنجوومی پیران) نامەیەکیان ئاڕاستەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کرد. لە نامەکەیاندا نیگەرانیی خۆیان لەبارەی میوانداریکردنی سوودانی لە ئەمریکا دەربڕیوە و دەڵێن، "ئێمە نیگەرانیی قووڵی خۆمان لەبارەی میوانداریکردنی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆشکی سپی دەردەبڕین".

 
لە نامەکەیاندا، دەڵێن،" حکومەتی عێراق لەژێر کاریگەرییەکی بەرچاوی ئێراندایە و ساڵانە نزیکەی سێ ملیار دۆلار بۆ هێزەکانی حەشدی شەعبی و گرووپە میلیشیاکان کە هێزی پاڵپشتیکراوی ئێرانن خەرج دەکات.

 
لە نامەکەدا ئەو ئەندامانەی کۆنگرێس و ئەنجوومەنی نوێنەران نیگەرانیی خۆیان لە لێخۆشبوونی کڕینی کارەبای ئێران لەلایەن عێراقەوە دەربڕیوە و دەشلێن، "ئێوە بەردەوامن لە پێدانی لێخۆشبوونی سزاکانی سەر حکومەتی عێراق بۆ هاوردەکردنی کارەبا و غازی سرووشتیی ئێران، ئەوەش لەکاتێکدا عێراق ئەو دۆلارە ئەمریکییەی لە یەدەگی فیدراڵییەوە بۆ گواستراوەتەوە بەکاردەهێنێت".
 
جەختیش دەكەنەوە،" پێویستە داوای دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بکەیت".
 
لە نامەکەدا داوای دانانی پێشمەرج بۆ سەردانەکەی سوودانی بۆ ئەمریکا کراوە و ئاماژە بەوە کراوە، "وەک پێشمەرجێک بۆ هەر سەردانێکی محەممەد شیاع سوودانی، پێویستە داوا بکەن کە دەستبەجێ بۆریی نەوتی عێراق – تورکیا بکرێتەوە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بتوانێت دەست بە هەناردەکردنی نەوت بکاتەوە و چیدیکە هەژموونی تاران لە بەغدا نەبێتە هەڕەشە بۆ هاوکارییە داراییەکانی ئەمریکا بۆ کەرتی گشتی و تایبەتی عێراق".
 
لە نامەکەدا داوا لە بایدن کراوە، داوا لە حکومەتی عێراق بکات شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت/ "پێویستە داوا لە حکومەتی عێراق بکەیت کە دەستبکاتەوە بە ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و رێگە بە فرۆشتنی دەستبەجێی نەوتی خاوی کوردستان بدرێت".
 
ئەم هەنگاوە لەكاتێكدایە، لە 25ـی ئاداری 2023ـەوە بە بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا راگیراوە.

س.ر
 
 
2024-03-29
زیاتر...