کوردستان

وه‌زاره‌تى دارایى هەرێمی کوردستان ژماره‌یه‌كى هه‌ڵه‌ به‌به‌غدا ده‌دات


ئه‌ندامێكى خولى پێشوى په‌رله‌مانى كوردستان زانیارییه‌ك له‌باره‌ى ژماره‌یه‌كى هه‌ڵه‌وه‌ ئاشكراده‌كات كه‌ حكومه‌تى هه‌رێم به‌به‌غداى داوه‌، ده‌ڵێت:"حكومه‌تى هه‌رێم وتویه‌تى، بەهەڵە بەبەغدامان وتوە داهاتی دوو مانگ 905 ملیارە، لەڕاستیدا 700 ملیارە"، ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "ئەم 700 ملیاره‌ چۆن خەرجکرا، ئەی نەوتی تانکەر چەندە!".

عه‌لى حه‌مه‌ساڵح په‌رله‌مانتارى خولى پێشوى په‌رله‌مانى كوردستان له‌فه‌یسبوكى خۆى نوسیویه‌تى:"دوای ئەوەی وەزارەتى دارایی عێراق بەفەرمی داواى لەهەرێمى کوردستان کردوە زیاتر لە 905 ملیار دینارى داهاتى نانەوتیی دوو مانگ ڕادەستبکەن، بەڵام بەگوێره‌ى زانیارییەکان کە لەوەزارەتی دارایی هەرێم وەرگیراون، هەڵە لەنوسراوێکیاندا کراوە، بۆ ئەم مەبەستە وه‌فدێكى تەکنیکی دەنێرێت بۆ بەغدا".

له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ میدیای پارتی ڕایگەیاندوه‌، کێشەى ئەو بڕە پارەیە لەوەدا بوە کە بە"هەڵە" پارەى سپاردەى بانکەکان، قەرزى کارەبا، هاوکاریى هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە لەگەڵى هەژمارکراوەو نێردراوە بۆ بەغدا.

بۆ ئه‌وه‌ش عه‌لى حه‌مه‌ساڵح نوسیویه‌تى:"بەجیاکردنەوەى ئەو پارانە، داهاتى ئەو دوو مانگە نزیکەى 700 ملیار دینارە، بۆیە شاندێکى تەکنیکیی هەرێم سەردانى بەغدا دەکات، ئامانجى سەرەکى ڕێککەوتنە لەسەر داهاتى فیدراڵى کە چى دەگرێتەوەو دەبێت چى ڕادەستبکرێت".
2024-04-27
زیاتر...