کوردستان

بەپەلە.. حكومه‌تى هەرێم لەبارەی بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست بڕیاریدا

نها نیوز ـ هه‌واڵه‌كان

دواى كۆتاییهاتنى كۆبونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێم، له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا ئاشكرایكرد، بڕیاردراوه‌ بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست.

راگه‌یه‌نراوێكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێم ئاشكرایكردووه‌، كۆبوونه‌وه‌كه‌ چه‌ند بڕگه‌یه‌ك بووه‌، بڕگەی یەکەم بریتی بووه‌ لە خستنەڕووی دوا پێشهاتەکانی بابەتی مووچە و دارایی و پابەندییەکان لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ و ئەنجامی دوا کۆبوونەوەی شاندی تەکنیکی هەردوولا لە بەغدا سەبارەت بە دەستپێشخەرییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری داهاتە نانەوتییەکان و بەبانکیکردنی مووچەی هەرێم .

له‌و رووه‌شه‌وه‌ حكومه‌تى هه‌رێم جه‌ختیكردووه‌ته‌وه‌، هەرچی ئەرک و پابەندییە، لەلایەن حکومەتی هەرێمه‌وه‌ جێبەجێیکراون و پێویستە حکومەتی فیدراڵیش، مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت و چیتر هیچ کێشە و ناکۆکییەکی سیاسی، نەبێتە ڕێگر لەبەردەم ناردنی مووچە.

ئه‌وه‌ش هاتووه‌، دواتر ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران کە هەفتەی ڕابردوو سەرۆکایەتی شاندێکی تەکنیکی حکومەتی هەرێمی کرد بۆ بەغدا، ڕاپۆرتێکى لەبارەی ئەنجامی سەردانەکەیان و گفتوگۆکانیان لە گەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ تایبەت بە دەستپێشخەرییەکانی هەرێم خرایەڕوو سەبارەت بە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم و چۆنیەتی هاوبەشیپێکردنی لەگەڵ بەغدا لە سەر بنەمای دەستوور و یاسای بودجەی فیدراڵ و یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵ و بەدواداچوونەکانیان بۆ خەرجکردنی شایستەکانی هەرێمی کوردستان بۆ مووچەی مانگی نیسان و تەرخانکراوەکانی دیکەی هەرێم لە خەرجیی تەشغیلی وپڕۆژەکانی وەبەرهێنان و پڕۆژەکانی پەرەپێدانی هەرێمەکان بە گوێرەی خشتەکانی هاوپێچی یاسای بودجە خستەڕوو، کە چەندین پێشنیار و ڕاسپاردەی کۆبونەوەکانی بەغدای تێدابوو.

به‌شێكى دیكه‌ى راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ باسى له‌وه‌كردووه‌، ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و شاندەکەی، جەختیکردەوە، کە هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی لە بەرامبەر حکومەتی فیدڕاڵیی بەجێگەیاندووە و بەردەوام تەرازووی پێداچوونەوە (میزان المراجعه‌)ی مانگانەی خۆی بە پەسەندکراوی ناردووە بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بە زانیاری تەواو لەسەر داهات و خەرجییەکان و ناردنی لیستی مووچەخۆرانی هەرێم بە هەموو داتا و زانیارییەکان و جێبەجێکردنی پابەندییەکان بە گوێرەی یاسای بودجە، ئیتر چاوەڕێین حکومەتی فیدڕاڵ لە زووترین کات، بڕیاری خەرجکردنی شایستەکانی هەرێم بدات لە پێش هەمووشیانەوە مووچەی موچەخۆرانی هەرێم بۆ مانگی نیسان و مانگەکانی دواتر.

سەبارەت بە بابەتی بەبانکیکردنی مووچەخۆرانی هەرێمیش، عەزیز ئەحمەد جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆک وەزیران، وردەکاریی و ڕوونکردنەوەی لەبارەی پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچە خستووه‌ته‌ڕوو ئاماژەی بەوەداوه‌، لەگەڵ بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) ڕێککەوتوون ئەو بانکەش بەشداربێت لە پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی هەژماری من، پرۆسەکەش بەردەوامە.

هه‌روه‌ك جه‌ختكراوه‌ته‌وه‌، ئەنجومەنی وەزیران پشتیوانیی خۆی بۆ بەشداریکردنی بانکی بازرگانی عێراق لە پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەربڕی کە بانکێکی حکومی فیدڕاڵیە.

له‌ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمدا ئه‌وه‌ش روونكراوه‌ته‌وه‌، سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە ڕێکاری پێویست بگرنەبەر لە ناردنی زانیاری پێویست لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنی هاوبەشی تیمی تەکنیکی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵ و بانکی عێراقی بۆ بازرگانی بۆ بەبانکیکردنی مووچەی هەرێم و پێشکەشکردنی کارئاسانیی پێویست لەمبارەیەوە.

باس له‌ بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەستیش كراوه‌ لە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان کە ژمارەیان گەیشتۆتە 30 هەزار و 672 فەرمانبەر، کە لە چوارچێوەی ڕاپۆرتێکی هاوبەش لەلایەن وەزارەت ولایەنە پەیوەندیدارەکان ئامادەکرابوو و وردەکارییەکەی لە لایەن سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنەوە خراوه‌تەڕوو.

بۆ ئه‌وه‌ش راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران باسى له‌وه‌كردووه‌، ئەنجومەنی وەزیرانى پشتیوانی بۆ داخوازی فەرمانبەرانی گرێبەست کە هێزێکی کاری بەرچاون لە ناو دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم و بە گرنگیەوە لە ڕۆڵ و بەرپرسیارێتیان دەڕوانێت، لەم ڕوانگەیە و لە پێناوی گەڵاڵەکردنی بڕیارێکی دروست لەمبارەیەوە لە ڕوویی یاسایی و کارگێڕیی وداراییەوە تا ئەم فەرمانبەرانەش، هاوشێوەی فەرمانبەرانی هەمیشەیی مافەکانیان پارێزراو بێت، ئەنجومەن بڕیاریدا لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی پێویست بۆ دەستنیشانکردنی مەرج و ڕێکار و میکانیزمی گونجاو بۆ بەهەمیشەییکردنی ئەو فەرمانبەرانە بكات کە بە ڕێکارە یاساییەکان دەتوانن ببنە هەمیشەیی و پێویستە ئەنجامی ئەم لێکۆڵینەوەیەش لە ماوەیەک کە لە 15 ڕۆژ تێپەڕنەکات تەواو بکرێت و دواتر بخرێتەوە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی لەبارەوە بدات.

2024-05-08
زیاتر...