ئابوری

بانكی ناوەندی بانكێكی هەژماری من ئیفلاسیكرد

نها نیوز- هەواڵەکان

ئەندامێكی پێشووی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند:  حكومەتی هەرێم لەساڵەكانی پێشوودا دەستكاری پارەی 42 بانكی كردوەو كە كۆی پارەكە شەش ترلیۆن دیناربووە. دەشڵێت، یەكێك لەو بانكانەی لە (پرۆژەی هەژماری من)، بۆ فەرمانبەران دیاریكراوە هی وڵاتێكە كە بانكی ناوەندییەكەی ئیفلاسی خۆی راگەیاندوە.

ئەحمەد حاجی رەشید ئەندامی لیژنەی دارایی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق لەواڵی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بەناونیشانی  (لەخۆتان پرسیوە بۆ هاوڵاتیان متمانەیان بە (هەژماری تۆ) نییە؟) بڵاوكردوەتەوەو دەڵێت "لەدونیای سیستەمە پێشكەوتووەكاندا كردنەوەی هەژماری بانكی زەرورەتێكی هەنووكەییەو بەبێ ئەو هەژمارە كارەكان مویەسەر نابن".

ئەوەشی نوسیوە "بەڵام هیچ  كەس و لایەنێك ناتوانن فشار دروست بكەن لەسەر هاووڵاتی كە دەبێت لەبانكێكی دیاریكراو بەتایبەتیش بانكی ئەهلی ئەو هەژمارە بكرێتەوە تەنها لەیەك باردا نەبێت كە وەزارەتەكان سەرپشك دەكرێن بۆ كردنەوەی هەژمار لە بانكێكی دیاریكراو"

لەبەشێكی تری نوسینەكەدا دەشڵێت  "ئەگەر دەشپرسن بۆ خەڵك و هاووڵاتی متمانەیان بە هەژماری ئێوە نییە، كورتترین وەڵام ئەوەیە هاوڵاتیان لەئەزمونەوە ئەوەیان بۆ سەلماوە كە حكومەتی هەرێم جێگەی متمانە نییە، لە بیرتانە  لە ساڵەكانی پێشوودا دەستكاری پارەی (42) بانكتان كردبوو بە هەردوو لقی بانكی ناوەندی لەسلێمانی و هەولێر نزیكەی (6) ترلیۆن دینارتان دەستكاری كردبوو لەو نێوەندەدا بانكی (TBI) كە زیاتر لە (2) ترلیۆنی هی ئەوبوو ئێستەش لەبوجەی ساڵانەدا تۆمار دەكرێت و دەبێت بیدەنەوە، لەكاتی خۆیدا لەساڵی 2017 بە بەڵگەی بانكی ناوەندی عێراق بڵاومكردەوە نقەتان لێنەهات".

لەبەشێكی تردا ئەوەشی وتوە " بڕۆن بگەڕێن لە بەڕێوەبەرایەتی خانوبەرەی سلێمانی و هەولێر و دهۆك بپرسن بزانن (21) موڵكی بانكی رافیدەینتان چۆن تەحویلكردە سەر دەزگا و كادرەكانی حیزبتان بە  بەڵگە هەمووم پێوتن".

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق باسی لەوەشكردوە "لەكاتی فرۆشتنی نەوتدا ئایا هەموو پارەكانتان گەڕاندەوە یان تەنها بەشێكی كەم نەبێت كەدواجار ئاشكرا بوو لە بانكێكی لوبنانی بڕی نزیكەی یەك ملیار دۆلارتان گیری خواردوە، لەنێو هەژمارەكەتاندا یەكێك لەوبانكانەی كە دیاریتان كردوە هی وڵاتێكە كە بانكی ناوەندییەكەی ئیفلاسی خۆی راگەیاند".

"مكوڕبونتان لەسەر هەژماری تۆو دیاریكردنی چەندبانكێكی دڵخوازی خۆتان و رێگریكردن لە گەڕانەوەی بانكی رافیدەین و رەشید  رۆمانەكانی هاوڵاتیان پشتڕاست ناكەوە لە بێ متمانەبوون بەهەژماری تۆ، دەستگرتنیش بەسەر موچەی هاتووی هاووڵاتیاندا ئەوە ناسەلمێنێت كەئێوە نەك ئەوەی جێگەی متمانە نین هاووڵاتی پارە لای ئێوە دابنێین، بەڵكو و بۆ ئەوەش ناشێن كە مامەڵەی دارایی بكەن و دەبێت (حجرتان بخرێتە سەر) وەك ئەوەی لە فیقهی ئیسلامیدا هاتوە، بەینی خۆتان و خوا، ئێوە لەجێی هاووڵاتی بن متمانەیان دەبێت بەهەژماری ئەوان". ئەحمەد حاجی رەشید وا دەڵێت. 

 
2024-03-18
زیاتر...