ئابوری

مەترسیەکی گەورە لەسەر سوربوونی پارتی بە (هەژماری من) ئاشکرابوو

نها نیوز - هەواڵەکان

هەرچەندە دادگای فیدراڵی بڕیاریداوە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە رێگەی سێ بانکی ناوەندی تەوتین بکرێت، بەڵام پارتی سورە لەسەر جێبەجێنەکردنی بریاری دادگا ناوەند و سوربوونی لەسەر (هەژماری من)، لەوبارەیەوە شارەزایەكی دارای دەڵێت  "ئەمە مەترسی لەسەر بەردەوامی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دروستدەكات.

عوسمان محەمەد، شارەزا لەكاروباری دارایی ئاشکرایدەکات "پابەندنەبوونی حكومەتی هەرێم بەبڕیارەكانی دادگای فیدراڵی بەتایبەت لە بابەتی دابەشكردنی مووچەی لە رێگەی بانكە فیدراڵییەكان و سوربوونی حكومەتی هەرێم لەسەر كاركردن بە هەژماری من، جارێكی دیكە گرفت بۆ دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەریم دروستدەكاتەوە.

لای خۆشیەوە كاروان یاروەیس، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی دەڵێت "وەزارەتی دارایی عێراق و دادگای فیدراڵی بڕیاریانداوە فەرمانبەرانی هەرێم لە ڕێگەی بانكە فیدراڵیەكانەوە مووچەكانیان وەربگرن، چونكە بەپێیی بڕیاری دادگای فیدراڵی، بەبانكیكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەرێی بانكە فیدراڵییەكانەوە دەبێت كە بریتین لە بانكەكانی (رەشید، ڕافیدەین، بانكی بازرگانی عێراق).

یاروەیس ئاماژە بەوەش دەکات "ئێستا هیچ رێككەوتنێكی كۆتایی لەنێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق نییە، لەبارەی چۆنییەتی بە نشتیمانیكردن( تەوتین)ی مووچەی فەرمانبەرانی هەریم، ئەوەش بەهۆی ئەوەی حكومەتی هەرێم سورە لەسەرجێبەجێكردنی (هەژماری من) و دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەو رێگەیەوە.

بە وتەی کاروان یاروەیس، ئەم بابەتە درێژە دەکێشێت تا ئەو كاتەی دادگای فیدڕاڵی بەبریاریك رێگە بدات لە رێگەی هەژماری منەوە مووچە بدرێت بە فەرمانبەران یاخود سوردە بێت لەسەر بڕیارەكەی پیشووی خۆی.

ئ.ز
2024-04-25
زیاتر...