ئابوری

هەواڵە خۆشەکە گەیشت.. مامۆستایانی وانەبێژ دەکرێن بە گرێبەست

نها نیوز – هەواڵەکان

دوای ئەوەی سەرچاوەیەک لە لیژنەی دارایی عێراق رایگەیاندبوو کە وەزارەتەکە دەستیکردووە بە وردبینی لە لیستی ناوی وانەبێژان بۆ کردنیان بە گرێبەست، نوێنەری گشتی مامۆستایانی وانەبێژی کوردستان لە ڕێگای نها نیوزەوە هەواڵەکە بڵاودەکەتەوە و پشتڕاستیشی دەکاتەوە. هاوکات بەگوێرەی زانیارییەکان تەیف سامی، وەزیری دارای عێراق کۆتا بڕیار لەوبارەیەوە دەدات.

مامۆستا عەلی رەئوف، نوێنەری گشتی مامۆستایانی وانەبێژی هەرێمی کوردستان لەوبارەیەوە لە لێدوانێکی تایبەتدا بە نها نیوز دەڵێت "هێشتا ئەو بابەتەم بڵاونەکردووەتەوە و لە ڕێگەی نهاوە بڵاویدەکەمەوە، وە با ئەو زانیاریەتان بۆ ئاشکرا بکەم، بەردەوام لەگەڵ ئەندام پەرلەمانەکانی عێراق و لیژنەی دارایی و چاودێرانی لیژنەی دارایی لەسەر خەتین، بەڵێ لەئێستادا وا وردبینی دەکەن بۆ ئەوەی کۆتا بریار لەسەری بدەن".

مامۆستا عەلی ئاشکراشی دەکات "ئایا عێراق لەو 37 هەزار مامۆستا وانەبێژەی بە لیست نێردراوە، هەمووی دەکاتە گرێبەست؟ وە ئەو بڕە پارەیەی کە دەستنیشانیکردووە بۆ مامۆستایانی وانەبێژ کە 500 هەزار بۆ بەکالۆریۆسە و 400 بۆ دبلۆم، ئەوا سەرجەم مامۆستایانی وانەبێژ دەبن بە گرێبەست.

"بریار لەلای عێراقە، ئەگەری سەیری وانەبێژانی عێراق بکەین ئەوانەی کە لە 2019ەوە وانەبێژن و ئەوانەی لە ساڵی 2023وە وانەبێژن، ئەوانەی هی ساڵی 2019ن سەرجەمیان دەکرێتە هەمیشەیی و ساڵی 2023 دەکەنە گرێبەست، نازانین بڕیاری کۆتاییان چی دەبێت"، مامۆستا عەلی رەئوف وای وت

ناوبراو ئاماژە بەوەش دەکات "بۆ بەهەمیشەییەکە پێویستی بە پڕۆژە یاسا و دەنگدانی گشتی پەرلەمان و خوێندنەوەی یەکەم و دووەم هەیە، بەڵام گرێبەستەکە تەنیا ئەنجومەنی وەزیرانی دەوێت لەگەڵ وەزیری دارایی. و هەرێمی کوردستان تەنسیقیان لەگەڵ بکەن دەتوانن ئەو 37 هەزار و 700 وانەبێژە بکەنە گرێبەست کە هەرێمی کوردستان ناردوویەتی.

دەشڵێت "هەواڵەکان دڵخۆشکەرن ئەگەر تیکی نەدەن بەخودایی".

سەبارەت بەو مامۆستایانەی کە بەخشراون یان دورخراونەتەوە ئاسۆیان بەچی گەیشتووە؟ نوێنەری گشتی وانەبێژان ئەوەشی خستە روو "لەسەر ئەو بابەتە قسەم لەگەڵ وەزیری پەروەردەی هەرێم کردووە کە دەبێت بێ بەش نەکرێن، لەو بەخشراوانە تیایدایە لەبەر منداڵبوون نەیتوانیووە ئامادە ببێت، بەڵام لەئێستادا با راستگۆ بین هیچ شتێک نییە بۆیان".

بە وتەی مامۆستا عەلی، ئێستا کوردستان هیچی بەدەست نەماوە و چاوی لە بەغدایە کە شتێک بۆ وانەبێژان بکرێت، دەشڵێت "ئەگەر بەتەمای کوردستان بین هیچمان بۆ ناکرێت بە لادراوەکانیش چاومان لە بەغدایە، ئەگەر بەغدا رەزامەندبێت بە وەزارەتی پەروەردەی هەرێم دەڵێن کە لادراوەکانیش بنێردرێت.

بەپێی ئەو ئامارانەی دەست نها نیوز کەوتووە، ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان 37 هەزار مامۆستایە، کرێی مانگانەیان نزیکەی 15 ملیار دینارە. 

ئ.ز

 
2024-04-24
زیاتر...