کوردستان

وەزیرى پەروەردەی هەرێم لەسەر وانەبێژان بەتوندی وەڵامی تەیف سامی دەداتەوە

نها نیوز - هەواڵەکان

وەزیرى پەروەردەی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم لەبارەی لیستی دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ لەسەر ئەوەی کە وەزیری عێراق وتویەتی نەنێردراوە وەڵامی ناوبراو دەداتەوە و دەڵێت "بەدەستی خۆم ناوی وانەبێژانم رادەستی سەرۆکوەزیران و وەزارەتی دارایی عێراق کردووە".

ئالان حەمە سەعید، وەزیرى پەروەردەی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانیدا ئاشکرای دەکات "لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق كۆبوومەوە و كۆبوونەوەكە نزیكەی 45 خولەكی خایاند، 15 خولەکی کاتی کۆبوونەوەکەم بۆ باسکردنی دۆخی مامۆستایانی وانەبێژی هەرێمی کوردستان تەرخانکرد.

وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوەشکرد "لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق باسمان لەو شایستە داراییانە کردووە کە پێویستە وانەبێژانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی هاوتاکانیان لە پارێزگاکانی عێراق پێیان بدرێت.

لەبارەی ناردنی لیستی وانەبێژان بەمەبەستی دامەزراندنیان ئالان حەمە سەعید رایگەیاند "بەشێوەیەکی دەستی نووسراوی بەڕێوەبەرایەتیی ژمێرکاریی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستانم لەبارەى دامەزراندنی وانەبێژانەوە رادەستی نووسینگەی وەزیرى دارایی و جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاریی وەزارەتی دارایی عێراق کردووە".

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردوودا نوێنەرى مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمى کوردستان ئاشکرایکرد، لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزیرى دارایی عێراق، داوایان لێکراوە حکومەتى کاربەڕێکەر بەفەرمى لیستى ناوەکانیان بۆ بەغدا رەوانە بکات، تاوەکو لە خشتەى هەموارى بودجەى 2024 جێگەى بکرێتەوە.

ئ.ز

 
2024-05-05
زیاتر...