ئابوری

ئێستا گەیشت.. ئایا مانگی پێنج مووچەی خانەنشینی هاوتای عێراق دەکرێت؟

نها نیوز - هەواڵەکان

وابڵاوکرایەوە کە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینیی هەرێم رایگەیاندووە کە مانگی ئایار مووچەی خانەنشینی هەرێم هاوتای عێراق دەکرێت، لەوبارەیەوە ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق ئەو دەنگۆیە بۆ نها نیوز پشتراست دەکاتەوە و دەڵێت "ناتوانم بڵێم مانگی ئایار یان حوزەیران مووچەی خانەنشینی هەرێم هاوتای عێراق دەکرێت، چونکە ژمارەیان زۆرە و وردبینی تەواو و رێکەوتنی دەوێت".

دارا سێکانیانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی فراکسیۆنی یەکگرتوو لەوبارەیەوە تایبەت بە نها نیوزی وت "بۆ کاتەکەی نازانم، کە ئایا ئایارە یان حوزەیرانە کاتەکەی ناتوانم بڵێم، تەسەور دەکەین هاوتا بکرێت، چونکە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لەوبارەیەوە روونە، بەڵام کاتەکەی کەیە نازانم".

سێکانیانی ئاشکراشیکرد "بەدڵنیاییەوە ئەو بابەتە کۆمەڵێک رێکاری کارگێڕیی و ئیداری هەیە وردبینی تەواوی دەوێت، چونکە ژمارەی فەرمانبەرانی خانەنشینان ژمارەیەکی بەرچاون وە جیاوازی مووچەکەش زۆرە، ئایا ئەو مووچەیە دێتە سەر حسەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەرێم چۆن رێکەوتن دەکەن لەگەڵیان چۆن دەبێت!".

ئەندامەکەی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەشدا "گەشبینین بکرێت، بەڵام بۆ کاتەکەی ناتوانم هیچ مانگێک دیاری بکەم.

لای خۆشییەوە سۆران عومەر، ئەندام پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکیدا بە نها نیوز دەڵێت "ئەوە بڕیاری دادگای فیدراڵیە کە ئەبێت خانەنشینی هەرێم هاوتای عێراق بکرێت، بەڵام هەرێم تائێستا جێبەجێی نەکردووە".

سەبارەت بەوەی ئایا مانگی ئایار مووچەی خانەنشینی هاوتای عێراق دەکرێت؟ سۆران عومەر وتیشی "نازانم، ئەبێ لە وەزارەتی دارایی هەرێم بپرسیت".

ئەمەش لەکاتێکدایە، سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینیی هەرێمی کوردستان بەمیدیای یەکێتی رایدەگەیەنێت "لیستی نوێی مووچەی خانەنشینی، بۆ مانگی ئایار بەپێی یاسای خانەنشینی عێراق ئامادەدەكرێت و كەمترین مووچەی سەرجەم خانەنشینانی مەدەنی و سەربازیی دەبێتە 600 هەزار دینار.

ئ.ز
 
2024-05-04
زیاتر...