ئابوری

لە بەغداوە هۆکارێکی دیکەی دواکەوتنی مووچەی مانگی چوار ئاشکرابوو

نها نیوز - هەواڵەکان

سەرچاوەیەک لە بەغداوە رایگەیاند، ناردنى پارەى مووچەى مانگى نیسانى مووچەخۆرانی هەرێمى کوردستان لەسەر رادەستکردنى داهاتى نانەوتى لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە وەستاوە.

بەگوێرەی سەرچاوەیەکى ئاگادار لە بەغداوە کە قسەیکردووە میدیایەکی پارتی، وتویەتی "وەزارەتى دارایی حکومەتى فیدراڵ چاوەڕوانى رادەستکردنى داهاتى نانەوتیی هەرێمى کوردستانە بۆ ئەوەى پارەى مووچەى فەرمانبەران و خانەنشینانى هەرێمى کوردستان بنێرێت".

لای خۆشیەوە سۆران عومەر، ئەندامى پەرلەمانى عێراق دەڵێت "ناردنى پارەى مووچە بۆ مانگى نیسان، بەندە بە رادەستکردنى داهاتى نێوخۆى هەرێمى کوردستانەوە و لەگەڵ رادەستکردنەکە دەنێردرێت".
 
رێککەوتن لەنێوان هەردوو حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى کراوە لەبارەى رادەستکردنى داهاتى نانەوتى، بۆ قۆناخى یەکەم 50%ـی داهاتى گومرگ و باج بە نەختینەیی دەخرێتە سەر هەژمارى تایبەتى وەزارەتى دارایی فیدراڵ لە بانکى ناوەندیى عێراق.

هاوکات مستەفا گەرعاوى، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە میدیاکانی وتووە "رادەستکردنى داهات و بەجێکردنى مووچە، بەربەستن لەبەردەم ناردنى مووچەى مانگى نیسان و، وتیشی "بەگوێرەى بڕیارى دادگەى فیدراڵى، دەبێت ئەو دوو هەنگاوە جێبەجێبکرێن بۆ ناردنى مووچە".
 
ئ.ز

2024-05-07
زیاتر...