ئابوری

لەبارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمەوە هەواڵی دڵخۆشکەر لەبەغداوە گەیشت

نهانیوز- هەواڵەکان

هاوڕێ تۆفیق، بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەكان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان لە سەرۆكایەتی كۆمار رایگەیاند، لە ئێستادا لیستی موچەی هێزە ئەمنییەكانی هەرێم لە دیوانی چاودێریی دارایی عێراقەو دوای وردبینی لە چەند رۆژی داهاتودا خەرج دەكرێت. دەشڵێت، سەرۆك وەزیرانی عێراق داوای لە دادگای فیدراڵی كردوە لەبارەی تەوتین رونكردنەوە بدات و لەوبارەیەشەوە "هەست بە بونی ئاسۆیەكی گەش دەكرێت بۆ دۆزینەوەی رێگاچارەیەك."

ئەمڕۆ پێنجشەممە، د. لەتیف جەمال رەشید، سەرۆك كۆماری عێراق، لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق كۆبونەوەو تێیدا جەختی لە پێویستی پەلەکردن لە خەرجکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و گرێبەستەکان و سودمەندانی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی كردەوە.

هاوڕێ تۆفیق، بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەكان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان لە سەرۆكایەتی كۆمار بە میدیای رەسمی یەكێتی وتوە، كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی سەرۆك كۆمار لەگەڵ وەزیری دارایی بۆ ئەوە بو پشتیوانی بكات لە خەرجكردنی موچەی فەرمانبەران و داوای لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ كرد لەبەر رۆشنایی یاسا هاوكاری حكومەتی هەرێم بكەن بۆ خەرجكردنی موچەكانیان.

وتیشی، لە كۆبونەوەكەدا باس لە پرسی هەژماری من و تەوتین نەكراوە، ئەو وردەكارییە هونەرییانە دەبێت لەنێوان هەردو حكومەتی فیدراڵ و هەرێم ساغ بكرێنەوە.

هاوڕێ تۆفیق وتیشی"سەرۆك وەزیرانی فیدراڵ داوای لە دادگای فیدراڵی كردوە كە رونكردنەوە پێشكەش بكات لەسەر ئەو بڕیارەی كە دادگاكە داویەتی بۆ تەوتینكردنی موچەی فەرمانبەران بۆ ئەوەی لەبەر رۆشنایی ئەو رونكردنەوەیەدا یارمەتی وەزارەتی دارایی فیدراڵ و هەرێم بدات بۆ رەچاوكردن و دۆزینەوەی رێگایەكی گونجاو بۆ تەوتینكردن كە هەردو حكومەت و هەردو وەزارەت لەسەری رازی بن."

ئەو بەرپرسە لە سەرۆكایەتی كۆمار وتیشی"بەپێی بەدواداچونی ئێمە هەست بە بونی ئاسۆیەكی گەش دەكرێت بۆ دۆزینەوەی رێگاچارەیەك. بەڵام ئەوەی گرنگە لە سەرۆكایەتی كۆمار جەخت لەسەر پڕەنسیپێك دەكرێتەوە، ئەویش ئەوەیە كە موچەی خەڵك بدرێت. بۆیە وردەكارییە هونەری و كارگێڕییەكان، ئەوە جێدەهێڵرێت بۆ هەردو وەزارەت و ئێستاكە هەوڵەكان چڕكراونەتەوەو رۆژ بەڕۆژ ئەو بەربەستانەی هەن لادەبرێن."

2024-03-28
زیاتر...