کوردستان

لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆی حکومەتی هەرێم باسی چی کرا و بڕیار لە چی درا؟

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و تیایدا چەند بڕیارێک دەرکرا و سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیران دەڵێت، بەهیچ شێوەیەک باسی مووچە نەکراوە.

سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەمیدیای یەکێتی راگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا بەهیچ شێوەیەک باسی دابەشکردنی مووچە و پرسی سێ مووچەکەی ساڵی رابردوو نەکراوە.

وتیشی، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا بڕیاردرا وەفدێکی تەکنیکیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر پرسی داهاتی نەوتی و نانەوتی بچێتە بەغداد.

ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێکی دیکە لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە چەند پێشنیارێک لەبارەی ئاسانکاریی گەڕاندنەوەی پێشینەکانی بانکە پسپۆڕییەکان لای هاووڵاتیان وەک خانووبەرە، کشتوکاڵی، نیشتەجێبوون، پیشەسازی، گەشتوگوزار، هاوسەرگیری، هەروەها قەرزی بانکە بازرگانییەکان و رێژەی سوودی بانکیی ئەم قەرزانە و رێکارەکانی وەرگرتنەوەیان بەپێی یاسای چاکسازی کە لەلایەن وەزارەتی دارایی و دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پێشنیارکرابوون.

وتیشی، لە کۆبوونەوەکەدا چەند تێبینییەک لەبارەی پێشنیارەکان هەبوو، بڕیاردرا لەژێر رۆشنایی ئەو تێبینییانە پێشنیارەکان رێکبخەنەوە و لە کۆبوونەوەی داهاتوودا بیخەنەڕوو بۆ ئەوەی دەنگی لەسەربدەن.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە دەنگ لەسەر رەشنووسی پەیڕەوی پۆلێنکردنی بەڵێندەران و دانان لە لیستی بێبەشکردن لە بەشداربوون درا.
2024-04-24
زیاتر...