کوردستان

کۆمسیۆنی عێراق لە 90٪ی ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردن تەواودەکات و هەڵبژاردن دەکرێت

نها نیوز – هەواڵەکان

لێپرسراوی ئۆفیسی سلێمانی کۆمسیۆنی عێراق رایدەگەیەنێت، کۆمسیۆن لە 90٪ی ئامادەکارییەکانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تەواوکردووە و پڕۆسەی وەرگرتنەوەی کارتی دەنگدان لەلایەن دەنگدەرانەوە بەردەوامە.

ئامانج عەزیز لێپرسراوی ئۆفیسی سلێمانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە وێبسایتی فەرمی یەکێتیی دەڵێت "سەرجەم کار و ئامادەکارییەکانمان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەردەوامی هەیە و 90٪ـی کارەکانمان تەواوبووە و ئەوەی کە ماوە تەنها وەرەقەی دەنگدان و هەندێک کاری لۆجیستییە.

ئامانج عەزیز ئاماژەی بەوەشکرد "لە پارێزگای سلێمانی زۆرترین کارتی دەنگدان چاپکراوە و لە دوو مانگی رابردوودا نزیکەی 100 هەزار کارتی دەنگدان دراوەتەوە بە دەنگدەر و لەئێستاشدا هەفتانە نزیکەی 15 هەزار دەنگدەر کارتەکانیان وەردەگرنەوە.

هاوکات ئۆفیسی ھەڵبژاردنەكانی ھەولێر لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەردەوامی هەیە و ئەو دەنگۆیانەی پێشتر باسی راگرتنی کارەکانی کۆمسیۆنیان لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە دەکرد دوورە لە راستییەوە.

پێشتریش جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاندبوو "ئامادەکارییەکانمان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەردەوامی هەیە و هەموو ئەو دەنگۆیانەی باس لە راگرتنی ئامادەکارییەکانی کۆمسیۆن دەکەن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دورن لە راستییەوە".

"وەک رابردوو کۆمسیۆن لە ئامادەکارییەکانی بەردەوامە و دابەشکردنی کارتی دەنگدان لە بنکەکانمان لە هەرێمی کوردستان بەردەوامی هەیە و لە 173 ناوەندى تۆمارکردن لە ناوچەکانى هەرێمى کوردستان دابەشکردنى کارتى بایۆمەترى بەردەوامە و بەهیچ شێوەیەک کۆمیسیۆن کارەکانى رانەگرتووە"، غەلای وای وت.

رۆژی 3-3-2024، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێكەری هەرێمی کوردستان بۆ جاری چوارەم وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی دیاریکرد و بڕیاریدا رۆژی 10ی 6ی 2024 هەڵبژاردنەکە ئەنجام بدرێت، لە ئێستاشدا کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە 90٪ی کارەکانی بۆ هەڵبژاردن تەواوکردووە و کاروبارەکانیشی بەردەوامە.

ئ.ز
 
2024-05-04
زیاتر...